بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش، بكوژی هاوسەرو دوو منداڵەكەی ناوچەی دۆرەی بەغدای لەسلێمانی دەستگیركرد.
لەڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش، كە كۆپییەكی بۆ کەناڵی کەرکوک نێردراوە راگەیەندراوە: "رۆژی ٢٠٢٣/١٢/٣١ لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا تۆمەتبار (مەروان تاڵب حەسەن) بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە هاوسەرەكەی بەناوی (بان عەبدوڵڵا حەسەن) و دوو منداڵی هاوسەرەكەی بەناوەكانی (ئەیمان) و (یونس) بەچەكی جۆری (دەمانچە) دەكوژێت و تۆمەتبار دوای رووداوەكە لەبەغدا چەند ناسنامەیەكی ساختە دروستدەكات و خۆی لەهێزە ئەمنییەكانی عیراق حەشار دەدات و دواتر بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵدێت".
ئاماژە بەوەشدراوە: "دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەسەر رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش توانیان شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبار دەستنیشان بكەن و بەچەند ناسنامەیەكی ساختەوە لە یەكێك لەهۆتێلەكانی شاری سلێمانی خۆی حەشاردابوو، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەكانی ئاسایش لە ٢٠٢٤/١١/١٠ دەستگیركرا".
ئەوەشخراوەتەڕوو: "لەئێستادا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ تۆمەتباری رووداوەكە كراوەتەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن"
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP