شارەوانی سلێمانی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دابەشدەکات کە خزمەتیان لە ٨ ساڵ زیاترە و هەر وەزارەتێکیش لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئیمزای لەسەرکرا، فەرمانبەرەکانی زەوییان پێدەدرێت، وتەبێژی شارەوانی سلێمانیش دەڵێت: "بەم زووانە زەوی بەسەر بەشێک لە کارمەندانی وەزارەتی کارەبادا دابەش دەکرێت".
زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە وێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه: "شارەوانی سلێمانی زەوی ئامادەیە بۆ دابەشکردن و هەرکاتێک ناوەکان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئیمزای لەسەرکرا، ئێمەش زەوییەکانیان بەسەردا دابەشبکەین".
"لەئێستادا ناوی بەشێك لەکارمەندانی وەزارەتی کارەبا هاتووە و رێککارەکانی تەواو بووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا زەوییان بەسەردا دابەشدەکەین و لە داهاتووشدا وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەرێتی شارەوانییەکان ناوەکانیان لەبەردەستەو هەرکات رێککارەکانیان تەواوبوو زەوی بەسەر ئەوانیشدا دابەشدەکەین"، زەردەشت رەفیق وایوت.
وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو فەرمانبەرەی کە لەوەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت پێویستە خزمەتی لە ٨ ساڵ کەمتر نەبێت و شارەوانی سلێمانی زەوی لەبەردەستە و هەر وەزارەتێک ناوەکانی تەواوبوو، دەتوانێت زەوییان بەسەردا دابەشبکات".
ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی ٧-١١-٢٠٢٤ لە سلێمانی ٥٠٠ زەوی لەڕێگای تیروپشکەوە بەسەر كەسوكاری شەهیداندا دابەشکرا و تائێستا ٢٢ هەزار پارچە زەوی بەكەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی دراوەو لە مانگی 3ـی ئەمساڵیشەوە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرو خانەنشینانەدا دابەشبكرێت کە ماون و مەرجەکان دەیانگرێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP