ئەمڕۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکات

کوردستان
13:55 - 2024-11-24


بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق کۆببێتەوە بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان .
 دوای سەپەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی 20/10ی ئەمساڵ، تەسلیم بە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت،  دواتر وادەی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتی راگەیاندووە:" لەیەکەم کوبونەوەی ئەم هەفتەیەدا، ئەنجومەنی کۆمسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسند دەکات".
"وتیشی: پێدەچێت ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەکەیدا ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەندبکات.
ئەمەش لەکاتێکدایە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لەماوەی سێ رۆژدا ٤١ تانە لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تۆماركران، رۆژی ١٨-١١-٢٠٢٤سەرجەمیان لەلایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەر بەئەنجومەنی باڵای دادەوری عیراقەوە رەتکرانەوە.
رۆژی ٢٠ـی ١٠ـی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە بازنەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە بەڕێوەچوو، تێیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی ٤٠٩ هەزار و ٥٤٨ دەنگی بەدەستبهێنێت و ٢٣ كورسی پەرلەمان مسۆگەر بکات.
بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانیش بەتەمەنترین ئەندام، سەرۆکایەتی یەکەم دانیشتن دەکات.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP