مووچەخۆرانی هەرێم دوو مانگی كۆتایی ساڵی پاریان وه‌رنه‌گرت

ئابوری
17:52 - 2025-01-01


مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانی مووچەی دوو مانگی 11 و 12 ساڵی پارن، كە بڕیاربوو، بەر لە هاتنی ساڵی نوێ 2025، وەریبگرن.

ئەمڕۆ 1/1/2025، هەرێمی كوردستان بەكێشەو قەیرانی مووچەو داراییەوە، هاتە ساڵی نوێوە، هەر چەندە وەزارەتی دارایی عیراق بڕی 631 ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی 11ی2024  فەرمانبەران نارد، بەڵام بەچاوەروانی ناردنی تەواوكارییەوە حكومەتی هەرێم و مووچەخۆران ساڵی 2024یان بەڕێكرد، هیچ بڕێك لەداهاتی ناخۆ بۆ پڕكردنەوەی تەواوكاریی زیاد نەكرا، بۆیە مووچەی دوومانگی ساڵی پار 2024 دابەش نەكرا.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بەوتەی سەرچاوەیەك لەحكومەتی هەرێم كە نه‌یویستووه‌ ناوی ئاشكرا بكرێت به‌  PUKMEDIA ی راگەیاندبوو:"بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 لەساڵی رابردوودا، حكومەتی هەرێمی كوردستان سێ بژاردەی لەبەردەمدابوو، كە دووان لەبژاردەكان ناردنی پارە بوو لەبەغداو بژاردەی سێیەمیش پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە بوو لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی و هەولێر و دهۆك"، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كام لەم بژاردانەی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچەی مانگی 11 جێبەجێ نەكردو بەمەش دابەشكردنی مووچە كەوتە ساڵی نوێوە.

هاوكات هەرچەندە دەنگۆی ئەوە هەبوو كە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر ناردنی تەواوكاری مووچەی مانگی 11 ی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە، بەڵام ئەو دەنگۆیانە راست نەبوون و مووچەی مانگی 11 و 12 ی  2024 لەساڵی رابردوودا دابەشنەكران.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی هەرێم، حكومەتی هەرێم بۆ دابەشكردنی موچەی یەك مانگی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستی بە بڕی 996 ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا دارایی عیراق تەنها 631 ملیار دیناری وەك مووچەی مانگی 11 بۆ هەرێم ناردووە و بەوپێیەش بڕی 365 ملیار دینار كورتهێنان هەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP