لە چوارچێوهی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ بەریتانیا، بۆ پەرەپێدانی نەوت و گاز لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای( بی پی)ی بەریتانی ئیمزاکرد.
لهو بارهیهوه فەرهاد حەمزە، شارەزا لە بواری نەوت له لێدوانێكی رۆژنامهوانیدا ئاماژهی بۆئهوهكرد كه: "رێککەوتنەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای (بی پی) بەریتانی بۆ پهرهپێدان و وهبهرهێنان له کێڵگەکانی خەبازە و بای حەسەن و جەمبورو کەرکوک ئیمزاکراوە".
ئاشكراشیكرد: "رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای هاوبەشییە لە قازانجدا، واتا دوای دەرکردنی خەرجییەکانی باج و خەرجیی دیکە، لە قازانجەکەی هاوبەش دەبن، بەڵام هێشتا رێژەی سەدی قازانجی هەر لایەنێکیان ئاشکرا نەکراوە".
فهرهاد حهمزه روونشیکردەوە:" ئەوەی بە رووکەش دیارە لە گرێبەستەکەدا، تەنیا ناوی ئەو چوار کێڵگەیە هاتووە، کە پەرەپێدانی بەرهەمی نەوت و سوود وەرگرتنە لە گازی هاوەڵی نەوت لەو کێڵگانەدا، باسی کێڵگەکانی دیکەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەکراوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـ ی کانوونی دووەمی 2025، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئیمزاكردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای (بی پی) بەریتانی سەبارەت بە پهرهپێدانی کێڵگەکانی کەرکوک راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی عێراق، باس لهوهكردووه:" مەراسیمی ئیمزاكردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ هەڵسەنگاندنی گەشەپێدانی تەواوەتیی چوار کێڵگەی کەرکوک بۆ جێبەجێکردن لە لەندەن بەڕێوەچووە بە ئامادەبوونی وەزیری نەوتی عێراق."
بی پی بەریتانی ئەندامی کۆمەڵەی کۆمپانیا نەوتییەکان بووە، لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی رابردوودا نەوتیان لە کەرکوک دۆزیوەتەوە، کە لە نوێترین خەمڵاندنی بۆ کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک ئەوەی راگەیاندووە 9 ملیار بەرمیل نەوتیان تێدایە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP