راگەیەنراوێک لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانەوە

عێراق
18:53 - 2025-01-21

ئەمڕۆ سێشەممە ٢١-١-٢٠٢٥ پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە بڕیارەکانی سەرکردایەتی شۆڕشی لەناوچوویی بەعس دەرکرد و سەرئەنجام دوای زیاتر لە نیو سەدە، زەوی و زاری ناوچەکە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانی لە کورد و تورکمان گەڕایەوە. 

ئەم هەنگاوە دەرئەنجامی هەوڵی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و سەرجەم کاربەدەست و وەزیر و پەرلەمانتارانی کوردستانە لە بەغداد. ئێمەش لە دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکان پێمانوایە ئامانجێکی گەورەمان بەدیهات کە ماوەیەکی زۆرە تەواوی هەوڵەکانمان لە هەولێر و لە بەغداد بۆی تەرخان کردوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێمانوایە ئەم هەنگاوە گیانی کاری پێکەوەیی نێوان پێکهاتەکانی عێراق قوڵتر و ڕووبەری متمانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان فراوانتر دەکات. 

بەم بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی تەواوی خەڵکی کوردستان بەگشتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی دەکەین، بە ئومێدەوە چاوەڕێی هەوڵ و کۆششی زیاترین تا بەدیهاتنی تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا و  لەپێش هەمووشیانەوە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستوری هەمیشەی عێراق.  
ئەوەش بە بیری هەموو لایەک دەهێنینەوە هەوڵی پێکەوەیی و خەباتی هاوبەشمان گەرەنتی پاراستنی کوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە بەدینەهاتووەکانمانە، ئەو دەستکەوتەی ئەمڕۆش لەم چوارچێوەیەدا بەدیهات.

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP