سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی توركیا: ده‌میرتاش ئازادبكه‌ن

جیهان
17:48 - 2025-03-16


سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) كه‌ گه‌وره‌ترین حزبی ئۆپۆزسیۆنی توركیایه‌ داوا ده‌كات، کۆتایی بەو "ستەمە" بهێنرێت، کە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموكراتی گه‌لان (هەدەپە) دەکرێت.  

ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی (جەهەپە)  لە وتارێکیدا، کە لە رۆژنامەی (جمهورییەت) بڵاویکردووەتەوە، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموون و سەرکەوتوو ده‌ناسێنێت و ده‌ڵێت:" رۆڵگێڕانی چالاکانەی سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموون و سەرکەوتووی هاوشێوەی دەمیرتاش لەپێناو بنیادنانی ئارامیی و ئاشتیی لە وڵاتەکەماندا، زۆر بە بەهایە".

سەرۆکی (جەهەپە) ده‌شڵێت:"ئەگەرچی سەڵاحەدین دەمیرتاش خودی خۆی باسی ئەم بابەتە ناکات، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی کاریگەر رۆڵبگێڕێت، دەبێت ئەو مافخوراوییەی بەسەریهاتووە، کۆتایی پێبهێنرێت."

ئۆزەل به‌ پێویستشی ده‌زانێت:" وەزارەتی دادی تورکیا بەخێرایی لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا داویەتی، رێکارەکانی سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی دەمیرتاش دەستپێبکات و ناوبراو بە ئازادیی شادبێتەوە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP