ماسی و ئاوەکە

ڕاپۆرت
18:24 - 2025-03-27

ماسی و ئاوەکە 
راپۆرتی بەدواچوونی ؛ ستران عەبدوڵلا
———
ئەم سیاسەتەی یەکێتی بەشێکە لە خەسڵەت و  ئیشکردنی گەڕانەوە بۆ خەڵکەکەی خۆمان ، بۆ ئەوانەی هێزی پشتیوان و هێزی ئەژنۆ و باسکی پتەوی ئەم حزبەن. یەکێتی بەم جەماوەرەوە دەنازێ و سەری بەرزە و پشتی قایمە، یەکێتی هێزی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرە. بەوانەوە دەنگی دلێرە و گوتاری هەقی تێرە و پێداگرە و بە سەرکەوتن فێرە. 

خەڵکی تر دەتوانن بە شتی ترەوە بخوڕن  و شان و بای باڵیان بابدەن، 
بەڵام حزبی جەماوەری ناو میللەت هێزی فەقیر و فوقەرا و خانووە قوڕەکانی هەیە، ئەمانەش هێزێکی نەرم و نیان ئەمما کاریگەر و دەربەست و راستگۆن ، لە دڵەوە بۆ دڵن و راستەوخۆ و رووبەروون، لایان بی لاتن و   بەسەریان بکەیەوە بەسەر دەکەنەوە  و سەر لەپێناون. 

ئەزموونی نزیکی پەنجا ساڵەی ئەم حزبە سەوزەڵانییە وا دەبێ و وای سەلماندووە، کەلتووری دەوڵەمەندی مام جەلالە و تایتڵی خانووە قوڕەکانە کە ئاماژەیە بۆ ئاوێتەبوون لەگەڵ خەڵکی نەک نۆستالیژیای مانەوە لە خانووی قوڕدا.
کەلتووری یەکێتی خەڵکەکەیەتی   چونکە سەلیقەی خەڵک هەمیشە پێویستی بە ئەپدەیت کردنەوە و بوژانەوە و جەماوەرپەروەری هەیە، 
هەندێکجار بەداخەوە لێی غافڵ بووین،  بۆیە پێکوتەیەکی کاتیمان بینی ، بەڵام وا لەسایەی یەکێتی قۆناغی راستکردنەوەی رێڕەودا بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سێ ساڵە لەناو خەڵک و لەناو جەماوەرەوە هیوا چرۆ دەکا و سەوزەڵانیبۆن بەهارێکی بەردەوامە، 

لە هەڵبژاردنەکان وایە  و واجبە، بەڵام ئەم مانگی رەمەزانە لە کەرکوک بۆتە دیاردەیەکی ناوازە لە قودسی کوردستانەوە بۆ هەموو کوردستان 
یەکێتی نان و سفرەی خۆی لەگەڵ خەڵکی تێکەڵ کردووە و لەگەڵیان خەم و خولیا و خەون دابەش دەکات. لەگەڵیان کوردانە بەربانگ دەکاو لەناویان گەڕەک بە گەڕەک دەگەڕێ و دەفتەری پرۆژەی مومکین و بەڵێنی خاکی و خاکەرایی تۆمار دەکات. رەمەزانێکە پێشوەخت بۆتە جەژنی گەردەن ئازادی و پێکمانەوە بێ . سفرە و سینی رازاوەی لای هەژارانە و سینی و زەرفی گەنجان بۆتە ناونیشانی کەرکوکی بوژاوە لە سایەی ئیدارەی پێکەوە ژیاندا .
یەکێتی و تیمی سەرکردایەتییەکەی لە کەرکوک بە هیمەتی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک و سەلاحەددین رۆژ و شەوی لە تەقویم بڕیوە بارەگا و مەقەڕ ی چۆڵکردووە و لەناو خەڵک و کەسوکار و کاسبکار دەوام دەکات.
چەند رۆژ پێشتر سەرۆک بافڵ لە بەربانگی کەرکوک گوێ لە راوێژ و نەسیحەتی مامۆستایانی ئاینی گرت و لەپەنا پەیکەری مامە ریشە و فلاشی  مۆبایلەکانی  گەنجانی شۆرجە و گەڕەکەکانی تردا مژدە و بەڵێنی مسۆگەری دووپاتکردەوە لەناو خەڵکی خۆمانی و خاوێنی کەرکوکدا. لە ناو گەنجەکان  بەدگومانی لەقاودا  کە کەرکوک ئیتر گرفت و هەڕەشە و گەڤ بێت بەڵکو گوتی کەرکوک ئیتر هیوا و مژدە و گفتی دوارۆژی گەشە چونکە بەم ئاوێتەبوونەوە پێمان دەکرێ بۆمان بەدی دێت.
ئەمە سیاسەتی حزبی خانووە قورەکانە 
کە ماسی بێ ئاو تینووە و دەخنکێ. 
ئاوی خاسەشمان هەیە بە ماسی رامنەکراو و بزێوی وەک یەکێتی  تینوێتی دەشکێ و شین دەبێتەوە و چر و پڕ دەنوێنێ.
شار لە ژینگەی پاکدا هەناسە دەدا و ماسی سەوز لە ئاوی شیندا ژیان دابین دەکات ، رەمەزان بە قەرەباڵغیەوە وەک جەژنی جەماوەریە و جەژنی دوای عیبادەت و عەمەلی مانگی پیرۆزیش شایی گەردەن ئازادی و نەورۆزی دین و دونیایە، دیاردەی رەمەزانی یەکێتیانە لە کەرکوک هەرێمی کوردستان و عیراقیش حزبایەتی و کوردایەتی و دیموکراتیش دەبووژێنێتەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP