فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان: سورین لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە

ڕاپۆرت
13:44 - 2025-04-04

ساڵی ڕابردوو پرۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خرایە دانیشتنەکانی ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراقەوەو توانرا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ بکرێت و لەئێستاشدا فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆئەوەی خوێندنەوەی کۆتایی بۆ بکرێت و بەڕەسمی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە هەڵەبجە وەک پارێزگا بناسێنرێت، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە و پێنج جار خرانە ناو بەرنامەی کارى دانیشتنەکانى ئەنجومەنەکەوە دەنگی پێنەدراوە، وەک هەڵوێستێکیش لەبەرامبەر تێنەپەڕاندنى پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنى نوێنەران بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە.

سەبارەت بەم بابەتە چرۆ حەمە شەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند: ئەگەر دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێبکاتەوە، ئەوە ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاری ئەوەمانداوە بەشداری لە هیچ دانیشتنێکی پەرلەماندا نەکەین، کە 65 پەرلەمانتارین ئامادەی هیچ دانیشتنێک نابین و رێگاش نادەین هیچ پرۆژە یاسایەک تێپەڕێندرێت تا پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە بەرنامەی کارەوە.

ئەوەشیخستەڕوو: دوای ئەوەی پڕۆژە یاساکە لەسەر داوای ئێمە خرایە بەرنامەی کارەوە، بەڵام دەنگی پێنەدرا، ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان بڕیاری بایکۆتی دانیشتنەکانمان دا و ئامادەی دانیشتنەکان نابین،هەروەها پێویستە پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە تەنها بخرێتە بەرنامەی کارەوە و لە پاڵ هیچ پرۆژە یاسایەک نەبێت و دەشبێت پەرلەمانتاران ئامادەبن و دەنگی پێبدەن، بەپێچەوانەوە ئێمە ئامادەی هیچ دانیشتنێک نابین.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەکرد: ئێمە دەچینەوە پەرلەمان و بەشداری لیژنەکان دەکەین، بەڵام بەشداری دانیشتنەکان ناکەین، بۆ ئەوەی بزانن کە ئێمە سورین لەسەر تێپەڕاندنی پرۆژەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

لە سێ ساڵی رابردووشدا فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، لەپێناو خزمەتكردنی زیاتر بە خەڵكی ئەو شارە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP