دوای 15 رۆژ لە پەسەندکردنی هەرسێ پڕۆژە یاساکەی کوردو سوننەو شیعە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عیراق کارکردنی بە یاساکانی گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان و باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی راگرت.
ئەو سێ یاسایە کە داواکاری هەر سێ پێکهاتەی کورد و سوننە و شیعە بوو، لە دانیشتنی ڕۆژی 21ـی کانونی دووەمی رابردوودا بەیەکجار لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پەسەندکران، دواتر 11 پەرلەمانتار لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکردو داوایانکرد دادگا بڕیارێک بۆ راگرتنی کارکردن بە یاساکان دەربکات.
ئەمڕۆش دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بەشێوەیەکی کاتی کارکردنی بە هەرسێ پڕۆژەیاساکە ڕاگرت، بەپێی دەقی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیش، راگرتنی کارکردن بەو سێ یاسایە رێوشوێنێکی کاتییە تا ئەو کاتەی سکاڵاکان لەسەر پەسەندکردنیان یەکلایی دەکرێتەوە.
پەسەندکردنی ئەو سێ پڕۆژە یاسایە ناڕەزایی بەشێک لە پەرلەمانتارانی لێکەوتەوە و ئاماژەیان بەوەدا کە پڕۆژەکان نەخراونەتە دەنگدانەوەو تێپەڕێنراون, ئەو پەرلەمانتارە ناڕازییانە لە دادگای فیدراڵی تانەیان لە دانیشتنەکەی پەرلەمان دا بۆ تێپەڕاندنی ئەو سێ پڕۆژەیاسایەو هەڵمەتێکی ئیمزاکۆکردنەوەیان بۆ لابردنی مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەستپێکرد.
ئەو سێ پڕۆژە یاسەیە تایبەتن بە کوردو سوونەو شیعە, کە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان پڕۆژە یاسای کوردە و تایبەتە بە ناوچە جێناكۆكەكان کە لەلایەن عەرەبە هاوردەكراوەكانەوە زەوی و موڵكی كورد و توركمان لە كەركوك داگیركراوە.
بەهەمان شێوە دادگاكە بڕیاری داوە بەڕاگرتنی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی کە تایبەتە بە شیعەکان, هەروەها یەكێكی دیكە لە ئەو یاسایانەی لەلایەن دادگاوە جێبەجێ كردنی راگیراوە یاسای لێبوردنی گشتییە کە تایبەتە بە سوننەکان.
بە پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەو دەنگدان لەسەریان، ناڕەزایی بەشێک لە لایەن و پێکهاتەکانی لێکەوتەوە، لەوانەش ئێزدییەکان کە پێیان وابوو ئەو داعشانەی دەستییان هەبووە لە ڕفاندنی ئێزدییەکان، بەر لێبووردنی گشتی دەکەون کە دەبووایە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و دادگایی بکرێن.
هەروەها ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئافرەتانیش، دەنگی ناڕەزایەتییان بەرامبەر یاسای باری کەسی بەرزکردەوە, کە پێیانوایە پێچەوانەی بنەما ئیسلامییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP