ئەمڕۆ109 ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ تێدەپەڕێت

ڕاپۆرت
15:30 - 2025-05-16

لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی یەکەمیی جیھانییەوە دەوڵەتە زلھێزەکان کەوتبوونە گفتوگۆ لە پێناوی ئەوەی کە زۆرترین داگیرگەیان ھەبێت و زۆرترین ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی زەوییەکانی ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتی عوسمانی بۆ خۆیان داگیربکەن.
ئەوەبوو رۆژی 16ـی ئایاری 1916 رێککەوتننامەی سایکس پیکۆ، بە مەبەستی دابەشکردنی زەوییەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان و بەشێک لە رۆژئاوای ئاسیا، بە نهێنی لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا و روسیا و دواتریش ئیتاڵیاوە لەسەر چەند خاڵێک کە پێشرتر رێککەوتبوون ئیمزاکرا.
ناوی ئەم رێککەوتنامەیە لە ناوی (مارک سایکس) راوێژکاری دیپلۆماتی بەریتانی و (فرانسوا جۆرج پیکۆت) سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە لەندەن وەرگیراوە.
ئەم رێککەوتننامەیە بووە هۆی دابەشکردنی خاکی کوردستان، کە تائێستاش ئەو ماڵ وێرانی و دەربەدەرییانەى بەسەر کورددا دێت و گرفتی بۆ درووستکردووە   بەهۆى ئەم رێککەوتنەوەیە، بەدوای ئەم ڕێککەوتنامەیەوە لەساڵى 1920 رێککەوتننانەى سیڤەر هات کە بڕیار بووە لە بەشێکی کوردستاندا دەوڵەتێک بۆ کورد دابمەزرێنن، بەڵام بەهۆی هاتنە سەر حوکمی غازی مستەفا کەمال ئەتاتورک، رێککەوتننامەی سیڤەریش هەڵوەشایەوەو رێککەوتی لۆزان جێگەی گرتەوە, کە هەموو ئەم رێککەوتننامانە بۆ ئەوەبوو خاکى کوردستان دابەشبکرێت.
ئەو ناوچانەى کە لە ڕێککەوتن نامەى ساسکس پیکۆدا دابەشکران بریتیبوون لە ناوچەكانی باكووری كوردستان لەگەڵ ئەستەنبوڵ و دەربەندەكانی رۆژهەڵات کەدرا بە رووسیا، ناوچەكانی باشووری كوردستان و هەندێك ناوچەی باكووری درا بە فەڕەنسا، بەڵام ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆی مایەوە، واتە هەر لەژێر دەستی ئێراندا.
ئەم ڕێککەوتننامەیە کە سەرەتا بە نھێنی بوو بەڵام دواتر بەهۆى کشانەوەی رووسیا لە جەنگ ئاشکرابوو، چونکە شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917 لە ناوخۆی رووسیا ھەڵگیرسابوو, پاش کشانەوەى هێزەکانى رووسیاو رادەستکردنەوەى ئەو ناوچانەى لەژێر دەستى بوو، کوردستان بۆ چوار پارچە دابەشکرا، ئەمەش وایکرد چەند دەوڵەتێکی نوێ لەناوچەکە درووستبن، وەک عیراق و تورکیا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP