لەڕێورەسمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و دەیان هەزار کادر و جەماوەری یەکێتی لە یاریگای یانەی وەرزشی سلێمانی یادی یۆبیلی زیڕینی یەکێتی بەڕێوەچوو،کە تێدا سەرۆک بافڵ لە وتارێکیدا دووپاتی کردەوە:" یەکێتی بەڵێنەکانی جێبەجێدەکات و سازش ناکات".
سەرەتای مەراسیمەکە بە سرودی نیشتمانیی عیراق و کوردستان و مەشخەڵان دەستیپێکرد، پاشان بەخێرهاتنی د. فوئاد مەعسوم یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا کە ئامادەی مەراسیمەکە بوو ، هەروەها لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، عومەر شێخ موس یەکێکی دیکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی لە پەیامێکیدا پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتی لە سەرۆک بافڵ و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و جەماوەری یەکێتی کرد و هیوای خواست یەکێتی بەگڕوتینی مەشخەڵی خزمەت بەرز بکاتەوە.
سەرۆک بافڵ: مێژووی یەکێتی وەک ئەستێرەکانی ئاسمان دەدرەوشێتەوە
پاشان سەرۆک بافڵ وتاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پێشکەشکرد و پاش بەخێرهاتنی جەماوەری یەکێتی رایگەیاند:"هەموو جیهان دەزانێت مێژووی یەکێتی چەند پیرۆزە و پڕە لە قوربانی و ئازایەتی و سەربەرزی و ئازادی، مێژووەکەمان وەک ئەستێرەکانی ئاسمان دەدرەوشێتەوە و هەمووان ئەو شاهیدییەمان بۆ دەدەن".
راشیگەیاند:" یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەندین جار ناکۆکی ناوخۆیی و دەرەکی رووبەڕووی بۆتەوە، بەڵام ئەوە ئێوە بوون کە نەتانهێشت کە یەکێتییەکەتان بکەوێت و دەستبەرداری نەبوون، هەربۆیە هەموو حزبەکانی دیکە ئەمرۆ ئیرەییمان پێدەبەن".
سەرۆک بافڵ دووپاتی کردەوە کە:" یەکێتی بەڵێنەکانی چەند مانگی رابردووی فەرامۆش نەکردووە و جارێکی دیکە تەئکید دەکەمەوە کە بەڵێنەکەمان جێبەجێ دەکەین و سازش بۆ هیچ لایەنێک لەسەر مافی گەلەکەمان ناکەین، دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت کە ئەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لەگەل وڵاتە زلهێزەکان گفتوگۆدەکات و پشتیوانی لێدەکەن، تەنانەت هەر یەکێتییە لە بەغدا قسەی خۆی دەکات و گوێی لێدەگیرێت، هەروەها ئەم یەکڕیزییەی کە هەمانە باشتر دەبێت و هێزی پیشمەرگەش بەهێزتر دەبێت ".
سەرۆک بافڵ: لە هەوڵداین کێشەی مووچە چارەسەر بکەین
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد:" پەیامم بۆ خەڵکی کوردستانە، کە دڵنیایان دەکەمەوە، ئەوە هەر یەکێتییە هەڵەکانی رابردوو راست دەکاتەوە و هەوڵی ژیانێکی باشتر بۆ گەلەکەمان دەدات، تەنانەت کەمێک پێش ئیستا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق لەسەر پرسی مووچە قسەمان کرد و لە هەوڵداین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین، پێویستیش بکات دەچمە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی مووچە، بەڵام ئەوە ئۆپۆزسیۆنە کە وەک مشک لەبەردەم تەلەفزیۆنەکاندا لە رووداوەکان دەڕوانن و جگە لە قسەی زل هیچی دیکەیان پێناکرێت".
سەرۆک بافڵ راشیگەیاند" ئێمە گفتوگۆ لێکتێگەیشتن لە نێوان هەرێم و بەغدا بە کلیلی چارەسەر دەزانین و بە بەغدا دەڵێین ئێوە دوژمنمان نین و گوێ لە چەند سەرکردەیەک مەگرن،چونکە نابێت گەلەکەمان باجی وتەی چەند سەرکردەیەک بدات".
لە کۆتایشدا، سەرۆک بافڵ لە سەر پرسی ئاشتی لە تورکیا رایگەیاند:" لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا یەکێتی رۆڵی سەرەکی هەبووە، بۆیە هەر یەکێتییە کە بتوانێت مافی کورد وەربگرێت و نەیارەکانی بدات بە زەویدا، هەرگیز یەکێتی واز ناهێنێت و پشتیوان بەخوا کەوتنی دوژمنەکانمان دەبینین".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP