لە پەراوێزی سێیەمین کۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکان، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، لەسەر بانگهێشتی خاتوو بریجیت ماکرۆن، لەچوارچێوەی بەرنامەیەکی رۆشنبیریدا کە خاتوو بریجیت سەرپەرشتی دەکات، سەردانی شارەوانی سانت پۆڵ دی ڤێنسی باشووری رۆژهەڵاتی فەڕەنسای کرد.
لەگەڵ گەیشتنی خانمی یەکەم، بۆ گۆڕەپانی دیگۆل، خاتوو بریجیت ماکرۆن بەخێرهاتنی کرد و جەختی لەگرنگی بەشداریکردنی لەبەرنامە رۆشنبیرییەکەدا کردەوە، بەو پێیەی بەرجەستەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیایە کە درێژدەبێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، پاشان بەڕێز خانمی یەکەم، بە یاوەری خاتوو بریجیت و خانمە یەکەمەکانی سەرکردە و سەرۆکی دەوڵەتانی بەشداربوو لەکۆنفرانسی ئۆقیانوسەکان گەشتێکی بەسانت پاول دی ڤینسدا کرد .
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ستایشی مێژوو و کلتووری شارەکەی کرد کە بووەتە شوێنی بەیەکگەیشتنی زۆرێک لەکلتوور و شارستانیەتەکان، هەروەها خانمی یەکەم و هاوتاکانی سەردانی دامەزراوەی ماختیان کرد کە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن و 12 هەزار بەرهەمی هونەری تێدایە کە بریتین لە تابلۆ و پەیکەر و سیرامیک و کۆمەڵێک بەرهەمی هونەری هونەرمەندانی سەدەی بیستەم.
هەروەها خانمی یەکەم، ڕۆڵی بەرچاوی هاوتا فەڕەنسییەکەی لەبواری مرۆیی و ڕۆشنبیری و گرنگیدان بە کلتوور و مێژووی بەرزنرخاند.
بەرنامە ڕۆشنبیریەکە بریتی بوو لەکۆبوونەوەی خانمانی یەکەم کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا ئامادەبوون و خانمی یەکەم خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دیدار لەگەڵیان بەتایبەت شازادە شارلینی مۆناکۆ.
خانمی یەکەم جەختی لەوەش کردەوە کەئەم دیدارە ئامرازێکی پەیوەندیکردن و پردێکە بۆ گفتوگۆ و دەرفەتێکە بۆ فێربوونی زیاتر دەربارەی کلتوورەکانی دیکە، هەروەها باسێکی لە یادەوەرییەکانی منداڵی خۆی لە گوێگرتن لە ڕادیۆی مۆنتی کارلۆ کرد کە تاکە ڕادیۆی فەرەنسیە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکرا، و ئامرازێکی گرنگ بوو بۆ گەیاندنی بیرۆکە و کلتوورەکان.
خانمی یەکەم باسیشی لە عیراق کرد کە یەکێکە لە ناوچە دیارەکانی جیهان، کە خاکەکەی دەوڵەمەندە بە گرنگترین شوێنەواری شارستانیەت و شوێنەوارە بەرچاوەکانی و کلتووریی و شوێنی گەشتیاریی وەک شارستانیەتی سۆمەری، ئەکەدی، ئاشووری و بابلی، کە بەیەکەمین شارستانیەتی جیهان دادەنرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧ هەزار ساڵ پێش ئێستا.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، عیراقییەکان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە کەبەشداربوون لەداڕشتنی ناسنامەی نیشتمانی و بنیاتنانی دەوڵەتی هاوچەرخی عیراق، هاوکات تیشکی خستە سەر گرنگی بەشداری عێراق لەکۆنفرانسی ئۆقیانوسی نەتەوە یەکگرتووەکان، چونکە عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کەزۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەوە، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و وشکەساڵی و دابەزینی ڕێژەی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات ، ئەمەش کاریگەری لەسەر سروشتی ژیان دروستکردووە ، هەروەها عیراق لە ئێستادا سەرۆکایەتی گروپی (77) و چین دەکات، ئەمەش گوزارشت لەپێگەی نێودەوڵەتی عێراق و پابەندبوونی بەهاوبەشێکی ڕاستەقینە لەداڕشتنی سیاسەتی ژینگە و بنیاتنانی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP