خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا دژ بە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر کۆچبەران و پەناخوازانی وڵاتەکە لە لۆس ئەنجلسەوە دەستیپێکرد و زۆرینەی ویلایەتەکانی ئەو وڵاتەی گرتۆتەوە، ترەمپیش خۆپیشاندەران بە " گێرەشێوێن" ناودەبات.
ماوەی پێنج رۆژە لە شاری لۆس ئەنجلسی ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا خۆپیشاندانی فراوان دەستیپێکردووە، خۆپیشاندانەکانیش کاتێک دەستیپێکرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە ئاژانسی جێبەجێکردنی یاسای گومرگ و کۆچ یان ئەفسەرانی کۆچ (ICE) کرد، بچنە ئەو شوێنانەی کە کۆچبەری نایاسایی و بێبەڵگەنامەی لێیە و دەستگیریان بکەن و بیاننێرنە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا، ئاژانسەکەش بڕیاریدا رۆژانەی نزیکەی سێ هەزار کۆچبەری نایاسایی دەستگیر بکات،ئەمەش نارەزایەتی و خۆپیشاندانی لێکەوتەوە و سات دوای ساتیش فراوانتر دەبوو.
ترەمپ 2000 پاسەوانی لە شاری لۆس ئەنجلس بڵاوە پێکرد
دوای فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان و سوتاندنی چەندین ئۆتۆمبێل لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، ترەمپ فەرمانێکی ئیمزا کرد بۆ جێگیرکردنی دوو هەزار سەربازی پاسەوانی نیشتمانی کە بە وتەی خۆی: "بۆ مامەڵەکردن و کۆتاییهێنانە بەو گێرەشێوێنییەی کە رێگەی پێدراوە پەرەبستێنێت".
وتیشی:" جگە لە بڵاوەپێکردنی پاسەوانی نیشتمانیی هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نیە، ئەگەری هەبوو خۆپیشاندانەکان بەرەو یاخیبوون برۆشتایە".
هاوکات، سوپای ئەمریکاش ئاشکرایکرد:" 700 سەربازی هێزی دەریایی بۆ پاراستنی فەرمانگە و دامەزراوەکان دەنێرن".
کارۆلاین لیڤیت سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی جەختیکردەوە، ترەمپ هیچ لێبووردنێکی نییە بەرامبەر رەفتاری تاوانکاری و توندوتیژی، بەتایبەتی ئەو توندوتیژییە کاتێک ئەفسەرانی جێبەجێکردنی یاسا دەکاتە ئامانج".
خۆپیشاندانەکان ناکۆکی سیاسیان لێکەوتەوە
شاری لۆس ئەنجلس دیموکراتەکان تێیدا زۆرینەن، هەڵمەتی هێزە ئەمنییەکان بە نایاسایی دەزانن.
گاڤین نیوسۆم پارێزگاری کالیفۆرنیا کە سەر بە دیموکراتەکانە، دژایەتیی خۆی هەنگاوەکەی ترەمپ بۆ بڵاوکردنەوەی پاسەوانی نیشتمانی لە شاری لۆس ئەنجلس دەربڕی.
گاڤین نیوسۆم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، " ئەو هەنگاوە بە ئەنقەست و هاندانە بۆ توندوتیژی و هیچ پێویست نییە، ئەوان لە هەماهەنگیدان لەگەڵ بەرپرسانی شارەکە".
لە پۆستێکی دیکەشدا وێنەیەکی سەربازانی ئەمریکای بڵاوکردۆتەوە کە خەوتوون و دەڵێت:" ناردنی سەرباز بۆ ئێرە بێ سوتەمەنی و بێ ئاو و نان و شوێنی نوستن، ئەوە تەنها پەیوەست نیە بە پاراستنی گشتییەوە، بەڵکو پەیوەستە بە ئیستیغلالی سەرۆکێکی مەترسیدارەوە".
خۆپیشاندانەکان گەیشتنە نیویۆرک
شاری لۆس ئەنجلس بەرەو ئارامبوونەوە دەڕوات و هێزە ئەمنییەکان تەواوی شەقامەکانیان گرتووە، لە فەرمانێکیشدا پۆلیسی ئەو شارە هەموو خۆپیشاندانێکی لە سەنتەری شارەکە قەدەغە کرد و رایگەیاند:" سەنتەری شارەکە شوێنێکی نایاساییە بۆ خۆپیشاندان و کۆبوونەوە"، ئەمەش وایکرد ئارامبوونەوەیەکی رێژەیی لە شارەکە بێتەدی، بەڵام بەپێی هەواڵێکی کەناڵی CNN " لە چەند ناوچەیەکی کالیفۆرنیا خۆپیشاندان دەستیپێکردووە، لە سانتا ئانا لە باشوری رۆژهەڵاتی ویلایەتەکە خۆپیشاندان سەریهەڵداوە، هاوکات لە فرانسیسکۆ بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە 150 کەس دەستگیر کراون".
لەلایەکی دیکەوە، پۆلیسی نیویۆرک رایگەیاند:" چەندین کەسیان دەستگیر کردووە، کە بەشداریان لە خۆپیشاندانی دژ بە یاسای کۆچبەران کردووە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە خۆپیشاندەران ڕێگای بەردەم بینای فیدڕاڵیان داخستبوو".
هەروەها رۆژی دووشەممە 9ی6ی2025 خۆپیشاندان لە ئەتلانتا دەستیپێکرد و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان دەکرد، خۆپیشاندانەکان دوای نیوەڕۆی هەمان لویزفیڵ و کنتاکی و داڵاسی گرتەوە.
لەگەڵ ئاوابوونی خۆر، هێزە ئەمنییەکان بە تەواوی کەرەستەی رووبەڕووبونەوەی خۆپیشاندەران شەقامە سەرەکییەکانی لۆس ئەنجلسیان گرتەوە و رێگری لە سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندانەکان دەکەن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP