ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان دانیشتنی
خۆی سەبارەت بە دۆخی عیراق دەستپێكرد و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش
لە عیراق لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی عیراق دەڵێت: "پێویستە هەرێم
و بەغدا كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن".
ئەمڕۆ 10ی6ی 2025، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان
لەبارەی دۆخی عیراقەوە دانیشتنی خۆی ئەنجامداو لە میانی كۆبوونەوەكەدا محەمەد حەسان
نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق رایگەیاند: "پێویستە
یەكسانی و دادپەروەری لە عیراق جێبەجێبكرێت، هەروەها پێویستە كاربكرێت بۆ گەڕانەوەی
ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، كە تائێستا زیاتر لە 100 هەزار ئێزدی لە كەمپەكاندان، جگەلەوەی
ژمارەیەكیان بێسەروشوێنن".
راشیگەیاند: "كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی
عیراق پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵدا
ئەنجامبدرێت، هەروەها ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكە كراوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "زیاتر لە 800 هاووڵاتی عیراقی
لە باكووری رۆژهەڵاتی سوریاوە گەڕاونەتەوە عیراق، پێویستە پشتیوانی ئەو پڕۆسەیە
بكرێت، چونكە گرنگە عیراقییەكان لەخاكی خۆیاندا بژین".
نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان
لە عیراق لەبارەی كێشەكانی نێوان عیراق و هەرێمی كوردستانیش وتی: "پێویستە كێشەكانی
نێوان هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا لە پڕۆسەی ئاشتی نێوان
توركیا و پەكەكەدا عیراق رۆڵی باشی گێڕاوە و هاوكارییەكی باشی لوبنان، غەززە و
سوریاشی كردووە، كە ئامانج لێی گەڕانەوەی ئارامییە بۆ ناوچەكە".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP