ترەمپ بڕیاری لابردنی سزاکانی سەر سووریای ئیمزاکرد

جیهان
09:40 - 2025-07-01

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لابردنی سزاکانی سەر سووریای واژۆ کرد.
 ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ لە مانگی ئایاردا لە سەردانێکیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاندبوو، ئەمریکا هەموو سزاکانی سەر ئەو وڵاتە هەڵدەگرێت.
لەو سەردانەدا، ترەمپ چاوی بە ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی کاتیی سووریا کەوت، کە لە مانگی ئاداردا حکومەتەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد لەژێر گوشاری هێرشی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا رووخا.
 ماوەی چەند مانگێکە حکومەتی کاتیی سووریا داوا لە ئیدارەی ترەمپ دەکات سزاکانی لەسەر کەمبکاتەوە. مانگی پێشوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رێنمایی فەرمیی دەرکرد بۆ کەمکردنەوەی هەندێک سزا لەسەر بانکەکان، هێڵە ئاسمانییەکان و خودی ئەحمەد شەڕع.
 سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەو رێکارانە بۆ هاندانی وەبەرهێنانە لە سووریا و وتی: "وەک سەرۆک ترەمپ بەڵێنی دا، وەزارەتی گەنجینە و وەزارەتی دەرەوە رێگەپێدانەکان جێبەجێ دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنانی نوێ لە سووریا. دەبێت سووریاش بۆ بوون بە وڵاتێکی سەقامگیر و ئاشتیخواز بەردەوام بێت لە کارکردن."
 حکومەتە نوێیەکەی سووریا سزاکانی بە هۆکاری نەتوانینی وڵاتەکە بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانبووەکان و بنیاتنانەوەی سیستمی تەندروستی زانیوە.

تورکیا و سعودیە، دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە، پاڵپشتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی سووریا دەکەن.
 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر رایگەیاندبوو، سووککردنی سزاکان لە بەرامبەر چەند مەرجێکدایە، لەوانە دەرکردنی هەموو چەکدارە بیانییەکان لە سووریا، رادەستکردنی ئەو کەسانەی واشنتن بە "تیرۆریستی فەڵەستینی" ناویان دەبات و یارمەتیدانی ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
 زۆربەی سزا قورسەکان لە دوو دەیەی رابردوودا بەسەر رژێمی ئەسەددا سەپێندرابوون بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانەی کە ئەمریکا بە رێکخراوی تیرۆریستی ناویان دەبات. یەکەمین سزاکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1979، کاتێک سووریا وەک دەوڵەتی پاڵپشتیکاری تیرۆر دەستنیشان کرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP