وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: جەنگی غەزە لە کۆتاییەکەی نزیکبووەتەوە

جیهان
13:57 - 2025-07-01

 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرایدەکات: جەنگی غەزە لە کۆتاییەکەی نزیکبووەتەوە.
دوای هەفتەیەک لە کۆتاییهێنان بە جەنگی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران، یسرائیل کاتز وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: لە کۆتایی ئۆپراسیۆنەکانیان لە غەززەش نزیک دەبنەوە.
کاتس دووبارە جەختی لە ئامانجەکانی ئیسرائیل لە جەنگی غەزە کردووەتەوە، لەنێویاندا ئازادکردنی تەواوی دیل و بارمتەکانیان و لەناوبردنی تەواوەتیی حەماس.
ژمارەیەک بەرپرسی ئیسرائیلی باسیان لەوەکردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و نێوەندگیرە قەتەرییەکان گەشبینن بەرامبەر بە رێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل هێشتا تێناگات بنەمای ئەم گەشبینییەی ئەمریکا و قەتەر چییە.
لەبەرامبەردا چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی ئیسرائیل هیومیان وتووە، دوێنێ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی کابینەی جەنگی ئیسرائیلی، چەند وەزیرێک جەختیان لەوەکردووەتەوە هێشتا ئامانجەکانی جەنگ لە غەزە بەدینەهاتووە و پێویستە فشاری سەربازی و سیاسی بەردەوامبێت.
 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP