عێراق: به‌رته‌سككرنه‌وه‌ی ئازادیی راده‌ربڕین كاری ڕۆژنامه‌نووسانی سه‌خت كردووه‌

عێراق
14:29 - 2025-07-22

سەرباری ئەوەی چەندین یاسا لە پەرلەمانی عێراق بۆ ئازادی ڕادەبڕین و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان دەرکراون، بەڵام ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران دەڵێن؛ جیاوازی نێوان یاساکان و جێبەجێکردنیان هێندەی ئاسمان و زەوییە.
لە عێراق ڕێگەی جیاواز بۆ دەمکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان دەگیرێتەبەر لەوانەش؛ کوشتن و ڕفاندنی و تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن دامەزراوەکانەوە دژیان، ئەمە دۆخی زۆرێک لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکارە ئازادەکانە.
ڕۆژنامەنووسەکانی عێراق لە وڵاتێکدا دەژین، لە ڕووی ئازادیی ڕادەبڕینەوە پلەکانی کۆتایی گرتووە. ڕۆژنامەنووس وەسام مەلا دەڵێت: "بە گوێرەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان، عێراق لە کۆی 180 وڵات لە ئازادیی ڕۆژنامەوانی، پلەی 172ی گرتووە؛ ئەمەش مانای وایە ئازادی بە شێوەیەکی ترسناک پاشەکشەی کردووە، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان گوشارێکی زۆریان لەسەرە، لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە. هەوڵ هەیە بۆ لە چوارچێوەدانی ئازادی ڕۆژنامەوانی."
سەرباری هەبوونی چەندان ماددەی یاسایی کە باس لە ئازادیی ڕادەربڕین دەکەن، بەڵام یاساکان تەنها مرەکەبی سەر کاغەزن، تەنانەت هەندێکیان هێندە ترسناکن، دەکرێت ڕۆژنامەنووس بەهۆی پیشەکەییەوە وەکو تاوانبار بناسێنن، ئەمە قسەی چالاکوانێکی مەدنییە.
چالاکوان مەحموود نەجار دەڵێت: "بە گوێرەی دەستووری عێراق کە لە ساڵی 2005 دەنگی لەسەردراوە، ئازادی ڕادەبڕین و ڕۆژنامەوانی دەستەبەر کراوە، بەڵام ئێستا بەربەستێکی گەورە لەنێوان دەسەڵات و ڕۆژنامەنووسان هەیە. سەرکەوتکردنی ڕۆژنامەنووس بەناوی یاساوە لە عێراقدا پیادە دەکرێت، تەنانەت ئەگەر هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری بدەی وەکو تاوانبار دەتناسێنن، کەوایە ڕۆژنامەنووس بەبێ زانیاری چۆن کاربکات."

تێگەیشتن لە ئازادی رادەبڕین و گەیشتن بە زانیاری لە وڵاتێکی وەکو عێراق لە واقیعەوە زۆر دوورە، هێشتا دامەزراوەکانی دەوڵەت بەردەوامن لە تۆمارکردنی سکاڵا دژی ڕۆژنامەنووسان و هەوڵدان بۆ ترساندنیان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP