سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌:یەکێتی کادیری زۆرە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

کوردستان
14:53 - 2021-09-06


سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سنووری هه‌رسێ‌ مه‌ڵبه‌ندی نه‌ینه‌واو قه‌ره‌چوغ و شه‌نگال)ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەو ناوانەی بۆ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران باسیان لێوەدەکرێت، بۆ بازاڕ گەرم کردنەو جه‌ختشده‌كاته‌وه‌، یەکێتی کادیری زۆرە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.
 
لە گفتوگۆیه‌كیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعدی ئه‌حمه‌د پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردوه‌"عێراق و هەرێم وەزعیان باشبێت یان نا، هەڵبژاردنی عێراق گرنگە و وەڵامدانەوەی خواستی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریره‌، چونکە خەڵک بڕوای بەم پەرلەمانەی ئێستا نیە، کە بە شێوەیەکی نادروست لەلایەن کۆمیسیۆنێکی نادروستەوە هەڵبژێردراوە."

روونشیكردوه‌ته‌وه‌"عێراق هەر کێشەیەکی هەبێت، هەر تەیارێکی شیعەش ناڕازی بێت، ناکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت، کە پەیوەندی بە قوڵکردنەوەی دیموکراسیەوە هەیە، هەنگاوێکی دروستیشە بە ئاراستەی دامەزراندی عێراقێکی دیموکراسی فرە حیزبی دیموکراسی."

باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌، خۆپیشاندەرانی گۆڕپانی تەحریر، کورد و سونە نەبوون، بەڵکو شیعە بوون لە دژی شیعە، پێیانوابو کۆمیسیۆن نوێنەری حیزبەکانە ، هەڵبژاردنیش تەزویری تێدا کراوە و حیزبەکان شایستەی ئەو کورسیانە نین کە هێناویانە، بۆیە داوایانکرد هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ڕێگەی کۆمیسیۆنێکی تازەوە بکرێت."

پێشتر میدیا عەرەبیەکان ناوی ژمارەیەک سەرکردەی شیعەیان بڵاوکردەوە، گوایە لایەنە شیعەکان گفتووگۆ لەسەر دەستنیشانکردنی یەکێکیان دەکەن، تا ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق و لە نێو ناوەکاندا، هەریەک لە ( مستەفا کازمی، نوری مالکی، قاسم ئەعرەجی و عەدنان زورفی) تێدابوو، لەو بارەیەوە سەعدی پیرە وتی"ئەو قسانە حیکایەتی نادروستن، خۆ سەرۆک وەزیران لەگەڵ باران نایەت، غەیر دەنگی زۆرینەی ناو پەرلەمان بهێنێ، هاوپەیمانێتی و دەنگ زۆر بەدەستهێنان، کورسی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق دەستنیشان دەکات."

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە لەدوای ڕووخانی بەعسەوە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لایە، لە ئێستاوە جگە لەدکتۆر بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، ناوی چەند سەرکردەیەکی تریشی دەهێنرێت، بەوەی چانسی کاندیدکردنیان بۆ ئەو پۆستە هەیە، کە هەریەک لە مەلا بەختیار و عەدنان موفتی ناویان دەهێنرێت، بەڵام سەعدی پیرە وتی"ئەو ناوانە هەریەکە و لەلایەکەوە باسیان دەکرێت،لایەک یەکێکی خۆش دەوێت و ناوی دەبات، لایەکی تر، ئەوی خۆش ناوێت و باسی یەکێکی تر دەکات، تائێستا یەکێتی کاندیدی ئەو پۆستەی ساغ نەکردووەتەوە، باسکردنی ئەو مەسەلە لە ئێستادا بۆ بازاڕ گەرم کردنە، یەکێتی کادیری زۆرە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەر لە کاک دکتۆر بەرهەمەوە تا خەڵکی تر، با هەڵبژاردن تەواو بێت، ئینجا یەکێتی کاندید دیاری دەکات."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ئاماژەی بەوەکرد پشکی کورد لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم گرێدراوی یەکن، بۆیە یەکێتی چاوەڕوانی بەدەست هێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP