ئەم دۆخە مەترسیدارە ماڵی کورد کاولدەکات

رێبین عومەر
22:10 - 2024-07-19



ئەم هەلومەرجەی ئێستا لە نێوان دووهێزی چەکداری کوردستان دروستبووە مەترسیدارە بۆ ئاسایشی میللی نەتەوەکەمان و بەدڵی داگیرکەرانی کوردستانە کە کورد دووبارە ببنە کلکی تەور بۆ بڕینی یەکتر.
رۆژانە دەبینی یەک تاوانباردەکەن؛ بەمادەی تێرۆرو لەمیدیاکان شەڕ زیاتر گەرم دەکرێت..!
بەهەموو ئەگەرێک.. هیوادارین کە وانەبێ؛ ئەم یەک تاوانبارکردنە سەردەکێشێت بەرەو جەنگی براکان؛ کە پێشتر حەرام کراوەو ئەزمونیشکراوە کە کورد تەنها زیان بە پێگەی خۆی دەگەیەنێت . 
هاتنی سوپای تورک بۆناو خاکی کوردستان و فراوانکردنی داگیرکاری؛ دەرفەت واڵادەکات بۆ بەهێزکردنی ئەوبارگرژییەی کە بەدەستی ناوخۆی دروستبووەو سەرئەنجامیش زیانی گشتی لێدەکەوێتەوە . 
ئەم دۆخەی ئێستا، پڕمەترسیدارەو حەقی ئەوەیە کە رایگشتی و هێزە کوردستانییەکان بە تایبەت یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەجددی رۆڵی سەرەکی بگێڕێ بۆ دامرکاندنەوەی ئەو هەلومەرجە مەترسیدارە کە خەریکە ئاگری ناوخۆیی لە جەستەی کوردستان بەردەدات.
 لەئەگەری شەڕ زیاتر لەوە زیانی گەورە بەردۆزی رەوای کورد دەگات لە جیهاندا و وەک خۆ خۆر ناودەردەکەینەوە .  
بە مێژوو ئەوە سەلمێنراوە کە وڵاتانی دەورووبەر دۆستی راستەقینەی کورد نین، ئەوەی دۆستە راستەقینەکەیە لەتەنگانە هەر چیاکانی کوردستانە کە ئێستا واخەریکە بەئاگری فیتنە دەکرێتە قەرەبرووت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP