سەرکەوتن تەنها ئەو ساتە نیە سەرکەوتوو تاجەکەی لەسەر دەنرێ، بەڵکو دەرئەنجامی هەوڵێکی درێژخایەن و شەڕێکی بەردەوامە، بەتایبەتی لە چوارچێوەی سیاسیدا. سەرکەوتنی سیاسی پێویستی بە ئامادەکاری قووڵ و تێگەیشتنێکی ورد لە واقیع هەیە، بەو پێیەی تەنها بە ستراتیژێکی تۆکمە و دیدێکی ڕوون دەتوانرێت سەرکەوتن لە کایە جیاجیاکانی ژیانی سیاسەتکردن بەدەست بهێنرێت.
لە دونیای سیاسەتدا بەس نییە ئارەزووی گۆڕانکاریت هەبێت، بەڵکو دەبێت بزانیت چۆن گۆڕانکاری دروست بکەیت و مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕاو و بەرەنگاریانە بکەیت کە ڕووبەڕووت دەبێتەوە.
لەوانەیە وا دەرکەوێت کە سەرکەوتنی سیاسی لەناکاو یان وەک ئەوەی بەخت یاوەرت بێت، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەموو سەرکەوتنێکی سیاسی دەرئەنجامی ئامادەکارییەکی درێژخایەنە کە لە تێگەیشتن لە کێشە و پێداویستییەکانی خەڵکەوە دەست پێدەکات، پاشان دروستکردنی هاوپەیمانی و ڕێککەوتن کە یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان.
هەر هەنگاوێک بەرەو سەرکەوتنی سیاسی دوای لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و شیکاریەکی ورد دێت، بەتایبەت ڕێگەی گەیشتن بە دەسەڵات پڕه له ئاستەنگ و وبەرەنگاری وسەرسوڕمان.
ئامادەکاری باش لە سیاسەتدا بریتییە لە گوێگرتن لە خەڵک بەو مانایەی بزانیت چۆن متمانەی خەڵک بەدەست بهێنی هەروەها پلاندانانی درێژخایەن و زانینی ساتە وەختە گونجاوەکان بۆ کردار، لە ڕێگەی ئەم ئامادەکاریانەوە چانسی بەدەستهێنانی سەرکەوتن زیاتر دەبێت.
چاودێری وردی ڕووداوەکان و توانای خۆگونجاندن لەگەڵ پێشهاتەکان، ئەوەیە سەرکردەیەکی سەرکەوتوو لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە.
سەرکەوتنی سیاسی بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردنێک یان لە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتدا ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ توانای وەرگێڕانی بەڵێنەکان بۆ کردارێک، کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک دروست بکات( وەک ئەوەی ئێستا لە پارێزگای کەرکوک روودەدات).
لە کۆتاییدا ئامادەکاری دەبێتە هەوێنی هەموو سەرکەوتنێک و هەر سەرکەوتنێکی سیاسی بەبێ ئامادەکاری، زۆر زوو کاڵ دەبێتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP