پرسی ئیدارەی کەرکوک و نەینەوا لەنێوان کێشە و چارەسەردا

لەتيف نێروەیی
15:31 - 2024-07-22

کورت و کرمانج لە ماوەی )٢٠( ساڵی رابردوودا، لە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، کورد دوو ئەزمونی ئیداری هەبووە، یەکێکیان لە کەرکوک و ئەوەی دیکە لە نەینەوا، گرنگە دور لە دەمارگیری حزبایەتی و لەدەرەوەی سۆز و هەڵچون و بەکارهێنانی زمانی زبر، بەشێوەیەکی لۆژیکی و بابەتیانە هەردوو ئەزمونەکە راڤەبکەین و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان بخەینەڕوو، لەو نێوانەشدا سوود لە خاڵە ئەرێنییەکان ببینین و پەندیش لە هەڵەکانیان وەربگرین، تابتوانین لە سۆنگەی ئەم شیکارییەوە بگەین بە چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا بێت. 

ئەزموونی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا و ئیدارەی کەرکوک  

 ئەزموونی ئیدارەی خۆجێی نەینەوا : (٢٠) ساڵی حكومڕانی ئیدارەی نەینەوا، بۆ کورد ئەزموونێکی ناڕێک و ناهاوسەنگ بوو، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەکێتیدا، چونکە لە دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا یەکێتی و پارتی بەیەک لیست بەشداریانکرد. لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٠٥)دا لەبەرئەوەی زۆربەی عەرەبی سوننە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد، ئەمە وایکرد لیستی (کوردستانی) یەکێتی و پارتی سەرکەوتنێکی گەورەیان بەدەستهێناو لە ٥٦،٧% دەنگ و پۆستەکانیان مسۆگەرکرد، لەم سەرکەوتنەدا پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحيە بەر کورد کەوتن، واتە لە (٣٧) قەزاو ناحيەی سەر بە پارێزگاکە (٢١) پۆست بەر لیستی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کەوتن. لەو رێژەیەش لەسایەی رێککەوتنی ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی بەم شێوەیە لەنێوان هەردوولا پۆستەکان دابەشکران، ١٠٠% پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحيەکان بۆ پارتی بوون و پشکی یەکێتیش سفر !!!. واتە لەو ٢١ پۆستەی پشکی کوردبوون پارتی دەستی بەسەر هەموویاندا گرت یەکێتیش لەبەرئەوەی نەچووە ژێرباری رێککەوتنی ژێر بە ژێرەوە هیچ پۆستێکی وەرنەگرت . 

ـ لە یەکەم هەڵبژاردندا دەنگی یەکێتی نزیک بوو لە دەنگی پارتی، بۆیە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی (٢٠) ساڵ بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا، ئاساییە ئەم پرسیارە بێتەکایەوە، بۆچی لەسایەی رێککەوتننامەی ستراتیژی، کە هەردوولا بە لیستی هاوبەش لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداریانکرد، کەچی پارتی ئامادەنەبوو پشکی یەکێتی بدات؟. بەهەمان شێوە ئاساییە ئەم پرسیارەش بکرێت کە بۆچی یەکێتی لەو سەردەمەدا رازی بووە کە داوای مافی خۆی و دەنگدەرەکانی لەو پارێزگایە نەکات و کۆی پشکی خۆی لە نەینەوا بە پارتی ببەخشێت یا چاوپۆشی لە ئیستیحقاقی خۆی بکات؟.  

ـ لە هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٠٩) دا، دیسانەوە یەکێتی و پارتی بە لیستێکی هاوبەشی کوردستانیی بەشداریانکرد لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا و پارتی توانی حەوت کورسی و یەکێتیش سێ كورسی بەدەست بێنن. دیسانەوە بە هەمان شێوەی پێشوو، کۆی پۆستەکانی قەزا و ناحيەکان بۆ کورد مانەوە، بەڵام ئەمجارەش بە سیاسەتی پێشوو پشكی پارتی ١٠٠% و پشکی یەکێتیش( سفر) بوو!!. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەبووایە یەکێتی لە پشکی کورد ٤٢،٨% ی پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحيەکان وەربگرێت . کە هەشت پۆست دەبوو، بێجگە لەو سەدان پۆستە ئیداریەی سێکتەرەکانی (کارەبا، تەندروستی، ئاو، شارەوانی، ژینگە، کشتوکاڵ، ئەمنی، پەروەردەیی و بەرێوەبەری قوتانخانەکانی سنوری ئەو قەزاو ناحيانە) و پایە و پلە ئیدارییەکانی دیکە، تاکە پۆستێکیش بە یەکێتی نەدرا !!. ئەمەش لەکاتێکدابوو کە سەرجەم کوتلە عيراقييەکانی دیکە بە هەموو پێکهاتەکانەوە بەپێی پشك و ئیستیحقاقی خۆیان پۆستی ئیداریان وەرگرتبوو. 

 ـ ئەزموونی دووەم: ئەزموونی هاوبەش و هاوپەیمانی لە پارێزگای کەرکوک بوو، هەرچەندە دەنگی یەکێتی زۆر زیاتربوو لە دەنگی پارتی، تەنانەت لە زۆربەی هەڵبژاردنەکان، دەنگی یەکێتی لەنەینەوا زیاتر بووە لە دەنگی پارتی لەکەرکوک، بەڵام پشکی کورد لەپۆستەکانی پارێزگای کەرکوک لەسەر بنەمای هاوبەشیەتی دابەشکراوە و بە (٥٠) بە (٥٠) ئەزموونی هاوپەیمانیەتیەکە خراوەتە سەر سکەی خۆی و تا رادەیەکیش کورد لە کەرکوک بەو هاوپەیمانییە پێگەی خۆی بەهێز کرد و دەستکەوتی زۆری فەراهەمکرد.  

چارەسەرکردنی کێشەی هەردوو ئیدارەکە 
بەپێی ئەنجامی دوا هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عيراق، دەنگی یەکێتی لە ناوچە دابڕێنراوەکان زیادیکردووە و بە ئەندازەیەکی زۆر هەڵکشاوە، لەناو پێکهاتەی کورد هەم لەسەر ئاستی کورسی و هەمیش لەسەر ئاستی رێژەی دەنگ، یەکێتی هێزی یەکەمە و لە هەر چوار پارێزگاکانی ناوچە دابرێنراوەکانیش كورسی هێناوە، بەڵام لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و لەروانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی نیشتمانی و گرنگیدان بە یەکڕیزی و بەشداریکردنی کورد لە دانوستانەکان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە بەیەک تیمی، لەپەیامێکی فەرمیدا یەکێتی رایگەیاند کە بەرلەوەی دەست بەدانوستان بکەین لەگەڵ پێکهاتەکان، دەمانەوێت لەگەڵ پارتی دانوستان بکەین و لە دوای لەیەک تێگەیشتن و چەسپاندنی خاڵە هاوبەشەکان، ئەوکات بەیەک تیم دانوستان لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک و نەینەوا بکەین و تا بتوانین بە بەهێزی و یەکڕیزی پشكی کورد مسۆگەر بکەین و پارێزگارێکی کوردیش لە کەرکوک دەسەڵات بگرێتەدەست . 

بەداخەوە لە کەرکوک و نەینەوا پارتی بەجیا دەستیکرد بە دانوستان و پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەندێ لایەنی عەرەبی و تورکمانی و هەوڵدان بۆ بێبەشكردنی یەکێتی لە وەرگرتنی پۆستە ئیدارییەکان لە دەرەوەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن .سەرەڕای ئەو هەڵوێستەی پارتی، دیسانەوە یەکێتی بەمەستی دەربڕینی نیازپاکی خۆی لەئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەبێ مەرج و داواکاری دەنگیدا بە کاندیدی پارتی بۆ پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگای نەینەوا ، بەڵام کاتێک کە پارتی بەهەمان بیرکردنەوە و سیاسەتی جارانەوە هەموو هەوڵەکانی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی یەکێتی لەنەینەوا هیچ پۆستێک وەرنەگرێت، ئیدی یەکێتی دەستیکرد بە دانووستان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە و توانیان لەگەڵ کۆتاکان و هەندێ لایەنی دیکە رێکبکەون و سەرجەم پۆستەکان بەبێ جیاوازی و بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بەسەر هەموو لایەنەکاندا دابەش بکەن بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە . 

گرنگی بەشداریکردنی یەکێتی و کۆتاکان لە ئیدارەی نەینەوادا 
ئەگەر تەنها پارتی بەشداری لەئیدارەی نەینەوادا بکات و ژمارەی ئەمجارەی کورسیەکانی پارتی بکرێت بە پێوەر، ئەوا زۆربەی پۆستەکانی خۆی لەسنوری نەینەوا لەدەست دەدات، بۆیە گرنگە هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە وەکو کورد سەیری هەر کوردێک بکات کە بەپێی پشکی خۆی پۆستی ئیداری وەربگرێت، لەسەر ئەم بنەمایە یەکێتی و کۆتاکانی ئێزدی و شەبەک و مەسیحی دەتوانن چەندین پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لەشەنگال و دەشتی نەینەوا و مەخمور وەربگرن، کە پارتی بەهۆی لەدەستدانی کورسییەکانی خۆی بەشێکی زۆری ئەو پۆستانە لەدەست دەدات . 

بەواتایەکی دیکە ئەگەر بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی بیخەینە سەرو بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبییەوە، ئەوا هەموو کوردێک دەبێ پێی خۆشبێت کە لە ناوچە دابڕێنراوەکان کوردێک پۆستی ئیدارییەکە وەربگرێت نەک غەیرە کورد بێت. 
  
دیدگای یەکێتی بۆ پێکهێنانی ئیداری نەینەوا 
یەکێتی دەخوازێت هەموو ئەو هێز و لایەنەی کە کورسیان بەدەستهێناوە، بەپێی ئیستیحقاقی خۆیان پۆستی ئیداری وەربگرن، داواکردنی مافی خۆی کە (٢٠) ساڵە لەو مافە بێبەشکراوە، لەدژی هیچ لایەنێک نییە و تەنانەت لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی داوایکردووە کە بەپێی رێژەی کورسییەکانی پارتی پۆستە ئیدارییەکانی پێبدرێت .هەروەها دەیتوانی زیاد لە پشکی خۆی پۆست وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبووە هیچ پۆستێکی زیاد لە ئیستیحقاقی خۆی وەربگرێت و چاوی لەپشک و مافی هیچ لایەنێک نییە . 

دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک 
هەر چەندە یەکێتی لەکەرکوک هێزی یەکەمە و بەتەنیا پێنج کورسی بەدەستهێناوە و بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بێت، پێویستە پۆستی پارێزگار لەپشکی یەکێتی بێت، بەڵام لەمەشدا پارتی هاوشێوەی نەینەوا بەنهێنی لەگەڵ بەرەی تورکمانی و راکان جبوری رێکەوتووە و لەهەوڵی ئەوەدایە کە ماف و بەرژەوەندی نەتەوایەتی و نیشتمانی بکات بەقوربانی بەرژەوەندی بەرتەسکی حزبایەتی و ئامادەیە پۆستی پارێزگار سێ ساڵ بەوانە ببەخشێت کە دژایەتی سەرسەختی هاوڵاتیانی کەرکوک دەکەن، تەنها لەبەرئەوەی کە هاوزمانێکی ئەوان ئەو پۆستە وەرنەگرێت، ئامادەن دۆخی کەرکوک وەکو خۆی بمێنێتەوە، تەنها لەبەرئەوەی کوردێک بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن نەبێتە پارێزگار و خزمەتی شارەکەی خۆی نەکات!. 

سەیرەکە لەوەدایە پارتی لەدوای تێپەربوونی نزیکەی (٢٠) ساڵ لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هەڵەدا و بێبەشکردنی یەکێتی لە پشکی خۆی، هێشتا دەیەوێ هەمان سیاسەتی نەینەوا لە کەرکوک پەیڕەو بکات، بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە، کە هەلومەرجی ئێستا جیاوازە و هیچ لۆژیکێک ئەوە قبوڵ ناکات دوو کورسی بڕیار لەسەر چارەنووسی شەش کورسی بدەن، هەلومەرجی ئێستا جیاوازە، چونکە راستە یەکێتی چاوی لە پشكی هیچ هێزو پێکهاتەیەک نییە، بەڵام ئامادەش نییە، دەستبەرداری مافی دەنگدەرانی خۆی ببێت .  

 هەروەک ئەم هەوڵانەی پارتی نەک نابێتە هۆی بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد لەو دوو پارێزگایە، بەڵکو ناوماڵی کورد زیاتر پەرتەوازە دەبێت و خودی پارتیش پێگەی جارانی نامێنێت لە کەرکوک و نەینەوا، هەروەک زەمینەش بۆ پێکهاتەکانی دیکە دەڕەخسێنێت کە لەسەر حسابی کورد هەندێ لایەن داوای پشکی زیاتر لە مافی خۆیان بکەن .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP