دۆزی كورد لەسەرەتای سەدەی رابردوودا هاتۆتە سەر مێزی گفتوگۆكانی هێزە نێونەتەوەییەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەی یاساو پەیمانە نێودەوڵەتییەكان دانیان ناوە بە مافی چارەی خۆنووسینیان بۆ گشت گەلانی دونیا. وەك لە پرانسیپەكانی ئەندروولسون هاتووە لە 8/1/1918 لە دەورەی دووەمی حوكمڕانی وتارێكی گرنگی لە بەرامبەر كۆنگرێسی ئەمریكی دا بە ئامانجی دانانی بناغەی ئاشتی دوای جەنگی جیهانی یەكەم، كە پێكهاتووە لەو 14 پڕەنسیپەی سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە وتارەكەیدا هاتووە سەركردایەتی كورد بە درێژایی ساڵانی خەباتی سیاسی و شۆڕشگێریان نەیانتوانیوە دۆزەكە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ئیقلیمیدا چارەسەر بكەن. هەلێكی مێژوویی هاتەپێش لەسەرەتای ساڵانی حەفتایەكان كاتێك حكومەتی عیراق بەسەركردایەتی حیزبی بەعسی فەرمانڕەوا بەیانی ١١ ئازاری دەركردو ئاشتبوونەوەی گشتی راگەیاندو رێكەوتنامەی لەگەڵ سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلولدا ئێمزا كرد. بەڵام دیسان كورد نەگەیشتە ئاوات و نسكۆی شۆڕشەكەش بە تەواوی میللەتی كوردی بێئومێد كرد. لەم هەڵومەرجە سەختەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو رێكخراوێكی بەرەیی هاتە مەیدانو شۆڕشی نوێی گەلەكەمانی راگەیاند بەمەش ئومێدی بۆ میللەتەكەی گەڕاندەوە. بەڵام دیسان عیراق وڵاتانی ئیقلیمی كەوتنە پیلانی دوژمنكارانە لەدژی شۆڕشی نوێ و هێزی دەوڵەتی بەعس و شەڕی عیراقو ئێرانیش رۆڵێكی سەرەكییان هەبوو لەفەرامۆشكردنی شۆڕشی كوردو مافە رەواكانی. لەگەڵ كیمیابارانی شاری هەڵەبجەو پرۆسە بەدناوەكەی ئەنفال دۆزی كورد جارێكیتر هاتە بەر باسو بایەخپێدان، هەر ئەو كارەساتەش بوو كە لەدوای كۆڕەوە مێژووییەكە سۆزی وڵاتانی دونیای بۆ لای میللەتەكەمان راكێشا بەمەش كورد توانی بە پشتیوانی وڵاتانی دونیا پەرلەمانی سەربەخۆ و حكومەتی خۆماڵی دابمەزڕێنێ .
ساڵانێك یەكێتیی نیشتمانیی و پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئەركی خۆیان هەڵسان بۆ بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان. وەكو دوو هاوپەیمانی بێ ركابەرو بە سوود وەرگرتن لەپشتگییری وڵاتان تاڕادەیەك ئیدارەی كوردستانێكی هێمنو ئارامیان بەڕێوەبرد. زۆر بە داخەوە لەگەڵ نەخۆشكەوتنی رابەری نەتەوەكەمان مام جەلال و دواتر وەفاتكردنی درزێكی گەورە كەوتە ناو هاوكێشە سیاسیەكەی كوردستان و زۆربەی كێشەو ململانێ و بریینە كۆنەكان جارێكیتر سەریان هەڵدایەوە بەمەش مەترسییەكی گەورە رووبەڕرووی هەرێمەكەمان بووەوە چونكە ئەم دوو حزبە كۆلەگەی سەرەكی حوكمڕانی كوردستانن.
ئێستا پشتگییرییەكی زۆر گەورەی وڵاتانی دونیا هەیە بۆ هەرێمی كوردستان كە خۆی لەدەیان كونسڵگەری و نووسینگەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا دەبینێتەوە. ئەمە جگە لەوەی كە سەركردەكانی زۆربەی وڵاتانی دونیاش هاوسۆزییەكی زۆریان لەگەڵ كوردو دۆزەكەیدا هەیە. بەڵام ئایا سەركردایەتی كورد لەئاست ئەم بایەخپێدان وپیشتگییرییەی وڵاتاندایە ؟
یەكێك لەسیما هەرە جوانەكانی تەجرووبەی چەند ساڵەی حوكمڕانی كوردستان پرۆسەی دیموكراسییەكەیەتی، بەڵام بە داخەوە ئێستا خەریكە ئەویش لەكەدار ئەبێ و هەوڵ ئەدرێ فەرمانڕەوایی تاكڕەوی حیزبێك جیگای پرۆسە دیموكراتییەكە بگرێتەوە كە هەموومان چاومان لەگەشەكردنیەتی لەرێگەی دەستاودەستی دەسەڵات لەسەر بنەمای دیموكراسی. بە ڕاشكاوانە دەڵێم ئەوەندەی وڵاتانی دونیا و بەتایبەتیش زلھێزەكان پەرۆشی سەركەوتنی پڕۆسەی دیموكراتی كوردستانن، ئەوەندە سەركردایەتی هەندێ حزب لەسەر ئاستی ئەو پەرۆشییەدا نین. ئەوە چەندینجارە هەڵبژاردنەكانی كوردستان دوادەخرێت، هیچ بیانوویەكی مەعقوولیش نیەو نەبووە بۆ دواخستنەكان. هەر ئەوەش وڵاتانی دۆستمانی نیگەران كردووە، لەهەموو بۆنەیەكدا جەخت لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەكەن بە شێوەیەكی شەفاف ودیموكراسیانە .
یەكێتیی نیشتمانیی لەسۆنگەی پەرۆشی بۆ پێشخستنی پرۆسەی دیموكراسی، كە ئەمەش یەكێكە لەدروشمە سەرەكییەكانی یەكێتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە باشترین فرسەت دەزانێ بۆ ئەبدەیتكردنی حوكمڕانی لەكوردستان، چونكە بەڕاستی هەڵبژاردن لەم هەڵومەرجە سەختەی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیدا زۆر پێویست و زەروورە بۆ ئەوەی بۆ دونیای دەرەوە بسەلمێنین كە ئێمە میللەتێكی زیندوو و حەزمان بە دیموكراسییەتە .لێرەوە دەڵێم چاوی هەموو دونیا لەسەر هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستانە، دەبێ ئێمەو پارتی پێش هەمو حزبەكانیتر كار بكەین بۆ سەرخستنی پرۆسەكە ئەویش لەڕێگەی بەڕێوەبردنی بانگەشەیەكی هێمنانەو ئاشتییانەو دوور لەگرژی و دەمارگییری. دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ وڵاتانی ئیقلیم لە بۆسەدان بۆ ئەزموونەكەمان، ئەوەتا هەر ئەوان بوون نەیانهێشت هەڵبژاردنێكی ئازادانە لەرۆژئاوای كوردستان بەڕێوە بچێت بۆ دامەزراندنی ئیدارەیەكی شەرعی لەناوچەكەیاندا، بە هەمان پێوەر نەیارانی میللەتەكەمان چاویان بەسەركەوتنەكانی پرۆسەی دیموكراتی هەرێمی كوردستانیش هەڵنایەت، بۆیە پێویستە ئێمە خۆمان كارێك بكەین
پیلانی نەیارانمان پووچەڵبكەینەوەو پەرلەمانێك هەڵبژێرین كە هەم ئاواتی میللەتەكەمان بێتەدی لەحوكمڕانییەكی راستو تەندروست وجێگەی متمانەی هاوڵاتیان، هەمیش سەنگ و پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا بپارێزین .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP