لە شوباتەوە، هیچ مانگێک نەبوە لیستی موچە کێشەو بێنەو بەردەی تێدا نەکەوێت و دوا نەکەوێت، بۆیە دابەشکردنی موچە ماوەی مانگێک دواکەوتوە لە وادەی خۆیدا، یان ئەوتا دەبێت بەغداد دوو موچە بەسەر یەکەوە بنێرێت.
حکومەتی هەرێم دەڵێت بەغداد پەڵپ دەگرێت و نایەوێت موچە رەوانە بکات، ئەمە لە کاتێکدایە عیراق خۆی داوای لیستی موچە کردەوە تاکو پرۆسەی تەوتین جێبەجێبکات، بەڵام ئەمجارە گوایە نەختینەی نییەو ناتوانێت موچە دابین بکات بۆیە پەڵپ دەگرێت.
وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، هەر مانگەو لیستەکان بە جیاوازی دەگەنە دەستمان بەتایبەتیش ئەو گۆڕانکاریانەی لە لیستی موچەی پێشمەرگەدا دەکرێت، لەم مانگەشدا تێبینی لە ناوی ئەو فەرمانبەرانەدا کراوە کە فەرمانگەکانیان لە هەردوو شاری کەرکوک و خانەقینن.
بەپێی ئەو بەراوردەی لەنێوان لیستی مانگی حوزەیران و تەمموزدا کراوە، دەرکەوتوە کە 32 هەزار ناو لە مانگی تەمموزدا زیادکراون، ئەمەش نیگەرانی بۆ بەغداد دروست کردوە، بۆیە دەتوانین بڵێین بەهانەکان سیاسیی نین وەکو دەوترێت.
بەپێی بەراوردی هەردوو موچەی مانگی حوزەیران و تەمموز، دەرکەوتوە تەنها لەیەک لیستدا 32 هەزار ناو زیادی کردوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
وەزارەتی پێشمەرگە 23.790.000 ناو زيادكردوه
وەزارەتی کارەبا 2.406 ناو زیادی کردوە
وەزارەتی دارایی 100 ناو
وەزارەتی پەروەردە 4316 ناو
وەزارەتی ناوخۆ 1882 ناو
وەزارەتی شارەوانی 1135 ناو
ئەنجومەنی ئاسايش 474 ناو
گرێبەستەکان 1241 ناو
دەزگای ئاسايش 1409 ناو
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، لیستی موچەی مانگی تەمموز 577 موچەخۆری کەمترە لە لیستی مانگی حوزەیران، کە ئەوانیش فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی بوون و لەو مانگەدا خانەنشین کراون، بەڵام بەهۆی تەواونەبونی مامەڵەکانیان ناویان نەخراوەتە ناو لیستی موچەی خانەنشینان.
بەم هۆیەوە سەر لە موچەخۆران شێواوەو «با و بێ و باران بێت هەر لە خشتەکە کەم دەکاتەوە»و موچەخۆر بێ موچەیە.
هەر بۆ وەبیرهێنانەوەش، لە دەساڵی رابردوودا بەم شێوەیە موچە دابەشکراوە: لە 2015 چوار موچە نەدرا، لە 2016 موچە بە پاشەکەوتەوە درا، لە 2017 موچەیەک نەدراو 11ی دیکە بە پاشەکەوتەوە درا، له 2018 به هەمان شێوە موچەیەک نەدراو 11ی دیکە بە پاشەکەوتەوە درا، لە 2020 حەوت موچە نەدراو 4یش بە لێبڕینەوە، لە 2021 هەشت موچە بە لێبڕینەوە، لە 2023، سێ موچە نەدرا، ئێستاش لە رۆژە کۆتاییەکانی مانگی ئاب-داین و هێشتا موچەی تەمموز مشتومڕی لەسەرە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP