یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێستا لەخاڵێکی یەکلاکەرەوە و گرنگ وەستاوە، لەلایەک ئاوڕ لە رابردوویەکی پڕ لەسەروەریی و داستان و داهێناندا دەداتەوە، خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی سیاسی و شۆڕشگێڕی و پێشمەرگایەتییە، لەهەمووشی گرنگتر ئەو سەرمایە مەعنەوی و سیاسییەی مام جەلالە کە هێز و گوڕ و تین دەدا بە یەکێتی و یەکێتییەکان، لەلایەکی تریشەوە یەکێتی لەبەرامبەر بەرپرسیارێتییەکی مێژووی و گرنگە لە داهاتوودا، ئەرکی هەموو لایەکمانە ئەو داهاتووە بە پرەنسیپ و سەروەرییەکانی رابردوومان موتوربە بکەین و مێژووی پڕ لەدەسکەوتمان ئاودێری داهاتووی پڕ لەگەشەو پێشکەوتنمان بکات.
یەکێتی شاسواری رابردووە، چۆن بیکەین بە پاڵەوانی داهاتوو..؟، پاڵەوانێک کە داستان و دەسکەوتەکانی بۆ هەمووان بێت، بۆ سەرتاپای نیشتمان و خەڵکەکەی، بۆ رۆڵەکانی بێت؟ بەبڕوای ئێمە ئەوە کرۆکی ئەرک و بەرپرسیارێتیمانە لەو ساتەوەختە هەستیارەدا کە لە هەڵبژاردنی خولی شەشی پەرلەمانی کوردستان نزیک دەبینەوە، چۆن وابکەین هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدەین کە ببێتە مایەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمەکەمان و زامنی ئەوە بکەین کە لەقۆناغی داهاتوودا دەرەقەتی کێشە و ئاستەنگەکان بێین و ژینگەیەکی لەبار بۆ پێشبرکێی سیاسی و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک برەخسێنین و سستەمی حکومرانی هەرێم بگۆرین بە جۆرێک، دامودەزگاکانمان بەهێز بکەین کە باشتر و شایستەتر کاربکەن.
لەم قۆناغەدا پێویستە یەکێتی و یەکێتییەکان زیاتر و زیاترن نزیکبن لەو سیاسەت و رێچکەیەی مام جەلال کە رێنوێنیمان دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان، بۆ شەتەک دانەوەی رەنجدەرانی بیروباز و بۆ ئەوەی هێزێکی کارای لێ بەرهەم بهێنین لەم دۆخە پر لەمەترسی و هەڕەشە ئامێزەدا رزگارمان بکات، ئاشتەواییەکی راستەقینە لەنێو ماڵی خۆمان و لەگەڵ بەغدا و ناوچەکە مسۆگەر بکرێت کە ببێتە مایەی دابینکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و سەقامگیریی و ئاشتی و کۆتایی پێهێنانی دوودڵی و ترس لە ژیانی کۆمەڵانی خەڵک .
ئێمە لێرەوە بانگەوازی هەموو یەکێتییەکان دەکەین بۆ بەشداریی کارا لە ئەرک و بەرپرسیارێتیان لەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازەدا، بەجۆرێک وەکو کەرنەڤاڵێکی نیشتمانیی مامەڵەی لەگەڵ بکەین و هەوڵی سەرخستنی بدەین، بەم بەشدارییە دەتوانین کێشە و کەمورتیەکییە ناخۆییەکانمان بخەینە سەر رێگەی چارەسەر، دۆخی نالەباری هەرێم باشتر بکەین و قەیرانەکانی حوکمڕانی چارەسەر بکەین، بۆ ئەم ئەرکە پێویستە بەرۆحی یەکێتییانە کاربکەین، زیاتر نزیک بینەوە لە سیاسەتی مام جەلال و چەپکە گوڵەکەی، دووربکەوینەوە لەزمانی زبرو تەخوین، پێویستە ژێرخانێکی تازە بۆ دیالۆگ و بەیەکەوە کارکردن دروست بکەین لە جیاتی کون و کەلەبەر دروستکردن، با هەوڵ بدەین شەڕە جوێن و پەلاماری ناڕەوا پەرتمان نەکات و دوورنەبین لە ئامانجی سەرەکیمان، هەوڵ بدەین قسە و کرداری شیاو بخەینە کاتی شیاو، چونکە باڵای هیچ کێشە و گرفتێک لە باڵای چارەسەر و پێکهاتن بەرزتر نەبووەو نابێ .
با بەڕاستی و راستگۆیی کار بۆ ئەوە بکەین یەکێتی لە حزبی سەروەرییەکانی رابردوو بکەین بە یەکێتی دەسکەوتەکانی داهاتوو، لە پاڵەوانی سەنگەرەکانی دوێنێ بیکەین بە پرۆفیشناڵی بواری حوکمڕانی دروست و خزمەتگوزار، بۆ هێزی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و خراپەکاری و پاراستنی دەسکەوتەکانی کۆمەڵانی خەڵک لە ئازادی و حوکمی رەشیددا .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP