مام جەلال سەركردەی دوو سەدە

لەتيف نێروەیی
10:34 - 2024-10-03




هەرچەندە وێستگە جیاوازەكانی خەباتی (سیاسی، پێشمەرگایەتی، رێكخراوەیی، خەباتی نهێنی، دیپلۆماسی) سەرۆك مام جەلال لە دوو سەدەدا بە هەلومەرجێكی سەختدا تێپەڕیون، بەڵام لە كۆی قۆناغەكانی خەباتە هەمەلایەنەكەیدا توانیویەتی سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی كەمەندكێش بكات و كاریگەری بەسەر رووداوەكانەوە جێبهێڵێت.
لەرووی دیپلۆماسیەوە: هەڵسەنگاندن و دانپیانانی دیپلۆماتكارە بەتواناكانی جیهان، بەڵگەی ئەوەن كە زاتی مام جەلال، بە تەنها رۆڵ و شوێنی لە دروستكردنی پردی پەیوەندییەكان نەبووە، بەڵكو لێهاتووییەكەی لەوەدا بووە كە توانیویەتی ئەڵقە و رایەڵەیەكانی نێوان دژەكان بگەیەنێتە یەكتر، رەنگە ستایشی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی عەرەب (عبدالرحمن راشد) بەس بێت، كە لەو بارەوە نووسیبوی: (زاتێكە لە راگرتنی هاوسەنگی، كە دەتوانێت لە یەك رۆژدا كۆندۆلیزا رایس و ئەحمەدی نەژاد ماچ بكات و نە ئێرانیەكان توڕە بن و نە ئەمریكییەكانیش هەڵچن. هەر ئەم سیاسەتی هاوسەنگیەیە كە لە ئەزموونی توركیاش سەركەوت، چونكە كەس بیری ناچێت كە ئەوە مام جەلال بوو بتوانێت نێوەندگیری نێوان توركیا و پەكەكە بكات و دواجار ئاگربەست لەنێوانیاندا بگەیەندرێن و بۆ ماوەیەكی درێژ، خوێنڕشتن بوەستێت و لە ناوخۆی توركیا و ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان سەقامگیرییەكی هەمەجۆر بەخۆیەوە ببینێت و نێوان شیعە و سوننەی عێراقیش بە هەمان شێوە.
لەلایەكی دیكەوە راستە لە زۆر بواردا لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ئیقلیمی، جیهانیی هەڵسەنگاندن بۆ رۆڵی مام جەلال كراوە، بەڵام وەكو پێویست دیراسەی زانستی لەسەر كەسایەتی نەكراوە. وەڵامی بەشێكی زۆر لە پرسیارەكان نەدراوەتەوە، سەرۆك مام جەلال چۆن توانی لە دوو شۆڕشی درێژخایەندا (شۆڕشی ئەیلول، شۆڕشی نوێ، لە دوو سەدەدا درێژە بە خەباتی هەمەجۆر بدات و ئەو هەموو قۆناغە سەختانە ببڕێت، كۆڵنەدات، بێ ئومێد نەبێت، تا گەیشت بە لوتكەی دەسەڵات.
ـ مام جەلال وەكو سەركردەیەكی خوێندەواری سەردەمی خۆی، هۆگری كتێب و ئەهلی زانین و مەعریفە بوو، بە دیدگایەكی رۆشنگەرەوە، بە سودوەرگرتن لە ئەزموونی شۆڕشی گەلان و بە هەڵگری خەسڵەتی سەركردەی بلیمەت و بەئەزموون، توانی خۆی لەگەڵ هەل و مەرجەكان بگونجێنێت و ببێتە سەركردەی قۆناغ و هەلومەرجەكان، لە سەركردەی سیاسییەوە بۆ سەركردەی پێشمەرگایەتی (سەربازی)، لە سەركردەی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ سەركردەی دەسەڵات و حكومڕانی، لە سەركردەی شۆڕشێكی نەتەوەیی و نیشتمانی و رزگارییەوە بۆ سەركردەی دەسەڵاتداری عێراق (سەرۆك كۆمار) و پارێزەری مافی هەموو پێكهاتەكانی وڵاتێكی فرەنەتەوە و ئایین و مەزهەب و چەتری كۆكردنەوەی پێكهاتەكان بە بێ جیاوازی. 


ـ سەرۆك مام جەلال لە هیچ شكست و هەلومەرجێكدا بێ ئومێد نەدەبوو، هەمیشە چەند بژاردەیەكی هەبوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ئەم خەسڵەتەش تەنها لە سەركردەی بیرفراوان و بەئەزمووندا هەیە، چونكە سەركردەی راستەقینە لە دژوارترین و ئاڵۆزترین كێشەدا، یان رێگای چارەسەر دەدۆزێتەوە، یاخود رێگایەك دەخولقێنێت.
ئۆتۆفۆن بیسمارك دەڵێت: سەركردەی مەزن بە سێ خەسڵەت دەناسرێتەوە (نەرم و نیانی لە بڕیاردان، مرۆڤ دۆستی لە سزادان، بێ فیز لە سەركەوتندا). مام جەلال هەڵگری ئەم سێ خەسڵەتە بوو، بۆیە وەكو سەركردەیەكی خۆڕسك و راستەقینە توانی لە دوو سەدەدا بەردەوامبێت لەسەر كاروانی خەبات و تا دوا وێستگەی ژیانی خۆی مێژوویەكی پرشنگدار تۆمار بكات.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP