کەمپینی بانگەشەی سەرۆک بافڵ

ئارام هادی
20:06 - 2024-10-16

ئەو بانگەشەیەی سەرۆک بافڵ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامی دەدات نوێترین شێوازی بانگەشەیە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەپلانێکی ورد بەڕێوەدەچێت، سەرۆک بافڵ لەسەر ستەیج لەبەردەم هەزاران لەلایەنگرانیدا بەجوڵە خێراکانی هەرجارە و لە گۆشەیەکی ستەیجەکەوە دەوەستێت و ڕوودەکاتە جەماوەرەکەی و بە تۆنی بەرز و بەزمانێکی سادە پەیامەکانی دەردەبڕێت و ڕەخنە توندەکانی بەپارتی دەگەیەنێت، هاوکات دوای تەواوبونی گوتارەکەی بەفرێدانی مایکەکەی دەستی هیچ بوارێکی بۆ ڕکابەرەکەی کە پارتیە نەهێشتۆتەوە.

*زابخودێ
*پشت بەخودای گەورە ئەو حکومەتە بۆگەنە دەڕوخێنین
*یەکێتیی نیشتمانیی هەموو کوردستان
*کۆتایی بەدەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین
*هەر ئێمە دەتوانین بڵێین.. پارتی دیموکراتی کوردستان.. خاک فرۆش.. لۆمارێ
ئەو دروشمانەیە کە بەردەوام لەلایەن سەرۆکەوە دەوترێت و بۆتە قسەی سەر زاری هەمووان و سۆشیال میدیاشی تەنیوە و بۆتە (ترێند).

کەمپینەکە هێندە پێشکەوتووە شێوازە تەقلیدیە کۆنەکەی تێپەڕاندوە و بەپەیامە سادەکانی دەرفەتی خوێندنەوەی بۆ بەرامبەرەکانی نەهێشتۆتەوە و ڕاستەوخۆ ئامانجەکە دەپێکێت، هاوکات کۆمیدیاش لایەنێکی سەرەکیە لە کەمپینەکەدا کەوایکردووە خەڵکی زیاتر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.

لایەنێکیتری سەرکەوتنی کەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی سەرۆک بافڵ ئەوەیە کە ڕەگی کێشەکەی بەبنەما گرتووە و بەتەورەکەی دەستی کار بۆ بڕین و وشککردنیان دەکات، بەئەندازەی ئەمەش لق و پۆپەکانی وەلاناوە، چونکە ئەو باش دەزانێت بە وشککردنی ڕەگە سەرەکیەکە لقەکان پوچ دەردەچن، ئەو بەجۆرێک سەرکەوتو بوو لە دروستکردنی (حەدەس)ەکان پارتیەکان تەنانەت فریای وەڵام دانەوەش ناکەون، هەروەها چەقی ململانێکەش کەپێشتر لە سلێمانی بوو ئێستا براوەتە هەولێر و هێندەیتر پارتی ترساو کردووە.

باخۆمان نەخەڵەتێنین هیچ لایەنێکی سیاسی بەپارتیشەوە چاوەڕێی ئەوە نەبوون کە کەمپینی سەرۆک بەم جۆرە نوێیە سەرکەوتوە بەڕێوە دەبرێت، وەک چۆن چاوەڕێی ئەوەش نەبوون کە پەیام و ڕەخنە توندەکانی تەنها بۆ پارتیە و بەجۆرێک هێز و لایەنەکانیتری وەلاناوە وەک ئەوە وایە تەنها یەکێتیی و پارتی لە ساحە سیاسیەکەبن، ئەو ڕاستیەش سەلمێنرا کە گۆڕانکاری تەنها بەیەکێتیی دەکرێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP