(بڕیاری راست، بناغەیەكی راستی گەرەكە)
چەند رۆژێکە جوڵەیێکی دیپلوماسی و سەردانی شاندی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ لای یەکتر دەستی پێکردووە و ئامانجی سەرەکی لەو سەردان و جوڵە دیپلۆماسییە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە .
وەلێ بە هەر پێودانگێك بێت، دانوستانی ئەم جارەی لایەنە براوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، دانوستانێكی جیاوازو و درێژ خایەن دەبێت، چونکە لە هەلومەجێکی جیاواز و ئاڵوزدا ئەنجامدەدرێت ،ئاڵوزی و جیاوازییەکانیش فرەچەشنن، کەدەبنە لەمپەرو بەربەست لەبەدەم چۆنییەتی دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان لەنێوان هێزولایەنەسیاسیەکاندا و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش.
دانوستانەکان جیاواز و درێژخایەن دەبن ،چونکە:
ـ لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، یاسایەكی جیاواز، بانگەشەیەكی جیاواز،هەلومەرجێکی جیاواز ، کۆمیسیۆنێکی جیاواز ، کێشەوگرفتێکی تارادەیێک جیاواز، ئەنجامێكی جیاواز ، بۆیە بۆ پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی جیاوازیش پێویستی بە دانوستانێكی جیاواز و کاتێکی زیاتر دەبێت.
ـ دانوستانێكی جیاوازو تایبەت دەبێت ، چونكە دانوستانێكی فرەلایەنە و تەنها لەنێوان دوو لایەنی سەرەكیدا ناكرێت. بەڵکو لەنێوان هەموو هێزە براوەکاندا دەکرێت بۆ ئەوەی رای هەموو لایەنەکان لەسەر چۆنییەتی پێکاهێنانی کابینەی نوێ روشنبێت و بشزانن كام لایەن ئامادەیە بەشداری بکات و کامە لایەنیش دەبێت بەشێک لەبەرەی ئۆپۆزسیۆن . ئەوەی تائێستا بەدیکراوە ،بەشێک لەو هێزانە نەک ئامادەنین بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا بکەن ،بەڵکو بریاریانداوە بایکۆتی پەرلەمانیش بکەن .لەبەر ئەوە دانوستانی فرەلایەن کاتێکی زیاتری گەرەکە .
ـ دانستانێکی تایبەت ودرێژخایەن دەبێت ، چونكە ئەگەر تەنها لەنێوان هەردوو لایەنی سەرەكی هەرێمیشدا بكرێت ، ئەم جارە وەكو جارانی پێشوو تەنها لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نابێت ( لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە، ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان) بەڵكو ناكۆكییەكی توند لەنێوان هەردوو لایەنی براوەی سەرەكیدا هەیە لەسەر شێوازی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان. یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە لەرێی دانوستانەوە پێویستی بەکاتێکی زیاتر هەیە .
ـ دانوستانێكی تایبەت و جیاواز دەبێت، چونكە زۆرترین ئەو لایەنانەی، كە كورسیان بەدەستهێناوە، ئەمجارە بەرەی ئۆپۆزسیۆن هەڵدەبژێرن نەك دەسەڵات،کە لەهەڵبژاردنەکانی پێشوودا بچوکترین لایەنی سیاسی چاوی لەوەرگرتنی پشک و بەشداریکردن بوو لە حكومەتدا . بەڵام لەم خولەدا هەر لایەنێك خاوەن ئەجێندای تایبەت بە خۆیانە وئەگەر بەرنامەیەكی هاوبەشیان نەبێت و نەتوانن یارمەتی هەردوولایەنی ناكۆك و دەسەڵاتدار بدەن، یان گوشارێكی هاوبەش دروست بكەن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ، بەڵام ئەمانە بەشێکی سەرەکی دەبن لە پەرلەمانی کوردستان و هەڵوێست و ئەجێندای تایبەتیان دەبێت لەسەر ئەوەی پەرلەمانی ئەم خولە جیاوازی خۆی هەبێت و بتوانێت نەک هەر لەژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی جێبەجێکار دەرکەوێت ،بەڵکو وەکو دامەزراوەیێکی گرنگ دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنت . ئەمەش پێویستی بەدانوستانێکی فرەلایەن هەیە .
ـ دانوستانێكی جیاواز دەبێت بۆ یەكێتی، چونكە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ناخوازێ تەنها دانوستان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لەگەڵ پارتیدا بكات، بەڵكو بە پلەی یەكەم دەخوازێت دانوستان لەسەر شێوازو چۆنییەتی راستکردنەوەی رێرەوی حكومڕانی و نەهێشتنی شوێنەواری هەڵە وجیاکاری و نادادییەکانی كابینەكانی رابردوو بەتایبەتی کابینەی نۆ بكات . بۆ ئەو مەبەستە لەم خولەی دانوستاندا راشكاوانە تیشك دەخاتە سەر كەم و كورتی و هەڵەكانی رابردوو، ئەو راستییە بۆ شەقام و رایگشتی یەكێتی و پارتی دەدركێنێت كە لە كابینەكانی پێشوودا یەکێتی شەریك نەبووە بەڵكو بە ناچاری و لەبەر بەرژەوەندی گشتی بەشداری لە كابینەكانی پێشوودا کردووە. ئەم جارە پێویستە ببێتە شەریکێکی راستەقینەو بریارێکی راست لەسەر بناغەیێکی راستی بدات لەپێناو بەدیهێنانی کابینەیێکی خزمەتگوزارو دادپەروەر و جێبەجێکردنی دروشم بەڵێنەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن کە ئێستاش موکرو رژدە لەسەرجێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە و بەبێ جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە رەنگە دانوستان بۆ یەکێتی هیچ مانایەک نەبەخشێت و كارتێکی بەهێزی یەکێتی لەم دانوستانەدا ،هەڵوێستێکی هاوبەشی ئەولایەنانەیە کە نایانەوێ بەشداری لەکابینەی نوێدا بکەن ،بەڵام هاوهەڵوێستن لەگەڵ یەکێتی لەسەر راستکردنەوەی رێرەوی حكومرانی لەهەرێم ونارازین لە شێوازی حكومرانی هەرێم
.
ـ دانوستانەكە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانیش جیاواز دەبێت، چونكە یەك تاكە هێزی كوردستانیی تا ئێستا ئامادە نییە هەڤاڵبەندی لەگەڵ پارتی بكات و یەكەم جارە خۆی بە تەنیا لە گۆڕەپانەکەدا ببینێت و بەراورد لەگەڵ هێزەكانی دیكەی كوردستان دەبێتە كەمینە لە پەرلەمانی كوردستان ، بۆیە رەنگە بۆ پارتی ئاسان نەبێت بەم فۆرمە نوێیە بتوانێت ،وەكو جاران بەتەنیا ئەسپی خۆی لە گۆرەپانی سیاسیدا تاو بدات و چۆنی بیەوێ ئاوا شەن بكات . وەلێ تۆپەکە زیاتر لەساحەی پارتیدا دەبێت و ئەگەر تێگەیشتنی هەبێت بۆ هەلومەرجی ئێستاو بەپێی ئەو هەلومەرجە دانوستان بکات ،ئاراستەی هەنگاوەکانی دانوستان ئەرێنی دەبێت ،بەڵام ئەگەر جددیەتی نیگەرانییەکانی هێزولانە سیاسییەکانی کوردستان بەهەند وەرنەگیرێت وکار بۆ نەهێشتنی ئەو نیگەرانییانە نەکات و هەنگاوی کردەیی لەو بوارەدا نەهاوێژێت .ئەو کاتە رەنگە تەونی دانوستانەکان بەگرێ بکەوێت و بۆکردنەوەی ئەو گرێیەش ،هانا ببرێتە بەر هەندێ بژاردەو سیناریۆی دیکە و ئەمەش دیسانەوە پێویستی بەکاتێکی درێژخایەن دەبێت . لەبەر ئەوە دانوستانی فرەلایەن و ئاڵوز ،پێویستی بە کاتێکی گونجاو ،تیمێکی لێزان و بەئەزمون و هاوسەنگ ،گیانێکی لێبوردە و پشۆدرێر ، پلانێکی بابەتیانە ، ژینگەیێکی سەقامگیری سیاسی ،میدیایی هەیە . چونكە بە ئەزموون سەلماوە كە فاكتەكانی بەردەم دانوستانی ئاڵۆز پڕ ئاستەنگ و چەنگ وتەڵەمەن و ئەگەر دانوستانەکان بەئاراستەی نەهێشتنی ئەو ئاستەنک و تەنگ وچەڵەمانە نەبێت و هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی ، بەرژەوەندی گشتی نەخەنە سەرووی بەرژەوەندی تایبەتەوە و هەوڵەکانیان لەپێناو گەیشتن نەبێت بە رێکەوتنێکی هاوبەش ،ئەوکاتە دوخی هەرێم پێ دەنێتە قوناغێکی نوێوە ،قوناغی خولانەوە لەناو بازنەیێکی داخراودا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP