ئاڤامیدیا چی لە سلێمانی دەوێت؟

رێبوار ستار
16:02 - 2024-12-12

ئیتیك و مۆڕاڵی پیشەیی و بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی میدیا، هاوشان لەگەڵ یاسای كاری رۆژنامەنووسیی دیوی راستەقینەی هەموو میدیایەكە كە لەسەر ئاستی نیشتمانیی بیهەوێت روماڵی پرسە سیاسییەكان بكات، چونكە لە هەموو دنیا ئەرکی میدیا جگە لە گەیاندنی زانیاریی، هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵایەتی و بەرزكردنەوەی ئاگاییە.

بەداخەوە میدیای سپۆنسەركراوی باڵێكی پارتی، كە لە ساتەوەختی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بەناوی دامەزراوەی ئاڤاوە كار و روماڵ دەكات و خاوەنەكەی کوڕی سەرۆکی حکومەتی ماوە بەسەرچووە، لەیەکەم پەخشی ئەم میدیایەوە دەرکەوت، کە ئامانج و ستراتیژ و مەهامی ئەم کەناڵە میدیاییە، تەنها و تەنها بۆ لێدانی یەکێتی و سەرکردەکانی یەکێتی و بەتایبەتیتریش بۆ لێدان و پیشاندان و ناشیرینکردنی شاری سلێمانیە.

ئاشکرایە ئەم  کەناڵە، کە بەناو کەناڵێکی ناحزبی و سەربەخۆ و بێلایەنە، بە ئەجێندایەكی هەواڵگری و دڵڕەقانە مامەڵە لەگەڵ قەڵەمڕەوی سەوز و سەركەوتنەكانی سلێمانی دەكات و بووەتە بوق بە دەست داخ لە دڵەكانەوە و ناتوانن پەسەندی سەركەوتنی یەكێتی بكەن، بۆیە باشتروایە ئەم کەناڵە و سەرپەرشتیاری گشتی ئەم کەناڵە ئەوەندەی کار لەسەر سلێمانی و یەکێتی دەکەن بۆ تەنها جارێکیش بێت چرنوقێ لەو حکومەتەی کەباوکی سەرۆکیەتی بگرن لەسەر پێنەدانی مووچەو ڕادەستنەکردنی داهات بۆ بەغدا، كەچی بەداخەوە بووەتە هۆكاری جیاکاری لەشارەکاندا.

 ئەوان بیریان چۆتەوە کەسلێمانی شاری شارانە شاری میوانداری و وەفاداریە، شاری پێکەوەژیانە ئازادیە، سلێمانی شارێكە لانکەی شۆڕشە و شوێنی بەگژداچونەوەی هەموو زوڵم و زۆرێک بوە، بەڵام سەیر لەوە ئاڤا و خاوەنەكەی بیریان چووەتەوە، ئەوە سەرۆکەکانی ئێوە بون هەمیشە دەرگای کراوەبوە بۆ تاوانبارانی ئەنفال و بە دان پێدانانی خۆیان سەرانی بەعس و كۆنە داعش و پیاو كوژەكانی رژێمی سەددامیان داڵدەداوە.
دەبێت ئاڤا بزانێت:

سلێمانی و دەسەڵاتەكەی دەست لە ئازادی بەرنادات، چەندەش ئاڤا ئاشوب بنێتەوە
سلێمانی و دەسەڵاتەكەی دەست لە كوردایەتی هەڵناگرێت، با ئاڤا هەر بڵێ
سلێمانی و دەسەڵاتەكەی دەست لە ئارامی بەرنادات، با ئاڤا ئاژاوەی هەبێت.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP