ماڵئاوا کەمال سابیر

عيماد ئه‌حمه‌د
15:34 - 2025-06-02


منداڵێکی بۆیاخچیی تەمەن حەوت ساڵان هاواری 
کرد "ئەوە تەرمەکەی کەمال سابیری کەشکۆڵە" زەنگی ئەم وشانە پەردەی گوێچکەمی تەی کرد لەوکاتەی لەناو ئاپۆڕایەکی گەورەی خەڵکدا بەدوای تەرمی ئەو هونەرمەندە کەم وێنەیەوە دەڕۆیشتم.
لەبەر خۆمەوە وتم: تۆ چەند گەورەیت کەمال سابیر، ئەستێرەت چەند گەشاوەیە ئەی هونەرمەندە مەزنەکە، بەجۆرێک هی منداڵان و چەوساوەکانیشیت. تۆش چەند نەگبەتیت وڵاتەکەم کوردستان کاتێک ماڵئاوایی لەم مرۆڤە دەکەیت؟!
هونەرمەندانی وڵاتەکەم تەنها بەدەست تەنگژەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە ناناڵێنن، بەڵکو هەموو ساڵێک تووشی کارەساتێکی جەرگبڕ دەبنەوە، هەرکاتێک قەدەر چرایەکی پرشنگدارت لێ دەڕفێنێت.
ساڵی 1995 بوو، قەدەر ماجیدی حەمە جوانی لێ رفاندی، لە ساڵی 1996-یشدا هونەرمەندان حسێن قەرەداغی و عوسمان چێوار بۆ دواجار ماڵئاواییان کرد. وا ئەمساڵیش گیانی کەمال سابیر رووەو بەهەشتی نەبڕاوەی هەڵکشا.
کەمال سابیر ساڵی 1944 لەدایک ببوو، خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە سلێمانی خوێندبوو و ساڵی 1965 تەواوی کرد.
بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1970 لەسەر تەختەی شانۆ دەرکەوت و لە رۆژی دووی حوزەیرانی ئەمساڵدا دڵی لە لێدان کەوت.
کەمال سابیر مرۆڤ بوو بە مانا راستەقینەکەی، لەڕێی بەشدارییەکانی لە دراما و کۆمیدیاوە گیانی نیشتمانی و نەتەوەیی و چینایەتی بەرجەستە دەکرد، کەسێکی داهێنەر و هەست ناسک و پاک و بێگەرد و قوربانیدەر و بوێر بوو، بە هونەرەکەی و هەڵوێستە رۆژانەکانی، ژیانی تێکۆشەرێکی شۆڕشگێڕی بەرجەستە کردبوو کە تاڵیی هەژاری و دەستکورتیی چەشتبوو، هەر لەڕێی ئەو شۆڕشەشەوە ئەلفوبێی ژیان فێرببوو.
لە میانی رێوڕەسمی ناشتنیدا لە گۆڕستانی سەیوان، خەڵکێکی زۆر ئامادەبوون کە ئاماژەکانی خەم و خەفەت بەسیمایانەوە دیاربوو، لەوێدا چاوەکانم چوونە سەر فرمێسکێکی بەستووی سەر روومەتی هونەرمەندێکی بەساڵاچوو، کە لەو چرکەساتەدا بە بێدەنگی دەگریا، لەدڵی خۆمدا وتم: ئاخۆ ئەم هونەرمەندە بۆ کۆچی کتوپڕ و ناوادەی هونەرمەند کەمال سابیر دەگری، یان بۆ خەم و پەژارەی خۆی دەگری و بیر لەو چارەنووسە حەتمییە دەکاتەوە کاتێک ئەو گۆڕە دەبینێت کە ئامێزی بۆ نەعشی هاوڕێکەی کردووەتەوە؟!
ئەی ئەو خەڵکەی لە گۆڕستانی سەیوان ئارامتان گرتووە، وا میوانێکی هەمیشەیی و پەیامبەرێکی چاکە هات بۆلاتان، دەستلەملانی بن. بەرلە هەموو شتێک لێوەکانتان بەر ئەو ئارەقەو سوێراوە دەکەوێت کە تێکەڵاوە لەگەڵ تەپوتۆزی چۆمان و قاسمەڕەش و نۆکان و زەڵێ، ئەو هەواڵێکی دڵنیاکەرەوەی پێیە سەبارەت بە خیانەتی 31ی ئاب،
، هەروەک چۆن ماجیدی حەمە جوان هەواڵی دڵنیاکەرەوەی سەبارەت بە راپەڕین پێبوو، وەک چۆن حسێن قەرەداغی هەواڵی شەڕی ناوخۆی پێبوو، عوسمان چێواریش هەواڵی ناڕەحەتیی و ناخۆشیی هونەرمەندانی پێبوو.
سڵاوی شکۆمەندی لەم هونەرمەندەی کە بەوپەڕی شکۆمەندییەوە ژیا و زەویش بەوپەڕی سۆزەوە لەئامێزی گرت، سڵاو ئەی هونەرمەندی گەل و ئەی خۆشەویستەکەی هونەرمەندان.

رۆژنامەی الاتحاد
7/7/1997

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP