سەرۆک بافڵە هیوای ئێمەی کوردستانییان

رەنگین مەلا سەمەد
13:11 - 2025-07-24

هەوڵ و هەنگاوو کۆبوونەوە بەردەوامەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی بوو بە فریادڕەسی ئەم بارودۆخە تاقەتپڕکێنەی هەرێمی کوردستان.
هەنگاوی ئێستای سەرۆک بافڵ هەوێنی چارەسەری هەمیشەییە بۆ کێشەکان، هەنگاوە ڕاست و دروستەکەیە، ئەم جۆرە سیاسەتکردنە پێویستە ببێتە کلتوورو نەریتێک بۆ ئەوەی سەرکردەو لایەنەکانی تری کوردستانیی دووبارەی بکەنەوەو بیکەنە دەرچەیەک بۆ ساڕێژی برینە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان.
ئەوەی ئەکرێت و لەبەرچاوە، کردارە، دیپلۆماسییەتە، خۆنەویستی و خۆشگوزەرانییە بۆ داهاتووی گەل، ڕووبەڕووبوونەوەیەکی شەریفانەو شایستەیە بۆ تێکشکانی تەواوی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان لایەنە کوردی و عێراقییەکان.
بازنەی سیاسیی و دیپلۆماسییەت نابێ قەتیس و داخراوو بێ بوارو بێ مەوداو مەغزا بێت، ئەم خووە نەگریسە سیاسییانە گەر بوونیان لە دەسەڵاتدا هەبوو، ئەوا پانتایی هێزو پرسە دوورمەوداو نیشتمانییەکان بچووکدەکاتەوەو ئاسۆی جوانبینین بۆ چارەی کێشەکان بەرتەسکدەکاتەوەو تا لێواری لەناوچوونی دەبات.
جێی داخە لە لووتکەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیدا بیت و مەیلی سارێڕژبوون و پێکەوەییت لەلا بێ بەها بێت، 
ئێستا لە هەموو کات زیاتر دۆخەکە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە بەغداو لە ئاستی دەرەکیشدا پێویستی بە هاوهەنگیی و یەکهەوڵێستی و یەکوتاریی هەیە،
دەرمانی ئەم دەردە کوشندەیەیە کە ئێستا خەڵکیی پێوەی دەتلێنەوە،
دەسپێخەرییەکان، هەنگاوەکانی سەرۆک بافڵ و کۆبوونەوەو هەوڵە گشتییەکانی بۆ یەکڕیزیی و ڕزگارکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا مایەی دڵخۆشی و سوپاسکردن و پێزانینە.
کەم نییە سەرۆکی حزبێک بە تەنیا بتوانێت کۆتایی بە کێشەکان بهێنێت، تەپوتۆزی سەر مێزی گفتوگۆ لەبەرێت، ئەمە شایستەیە بە هەڵنان و ڕووانینە بە دەستکەوت، پارێزگاریکردنە لە پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، شایەنی دەستخۆشی و ڕێزو قسە لەسەرکردنە
پێویستە ئەم دەستکەوتە پیرۆزو تاکەکەسییە لای تەواوی لایەن و ڕێکخراوو کەسایەتییە سیاسییەکان و هەروەها لایەنە عێراقییەکانیش بە هەند وەربگیرێت.
ئیدی بۆ لەمەودوا ئەم هەنگاوە تاکەکەسییەی سەرۆک بافڵ هەموو دەرگاکان بەڕووی تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ئەو کێشانەی هێشتا گرێکوێرەن و دەبێت بەپێی یاساو دەستوور چارەسەربکرێن، دەکاتەوە
خۆشبەختین ئەبینین هێشتا ڕێبازو بەرنامەکەی سەرۆک مام جەلال لەنێوماندا زیندووەو جێی ئومێدە ئێمەی کوردستانییان چاوی ئومێدو هێزی بازوومان گەنجە خەمخۆرەکەی سەرۆکی یەکێتییە.
دادپەروەرییە ئەم قسانەم بۆ سەرۆک، چونکە لەسایەیەوە هیواکان زیندووبوونەوە بۆ بەردەوامبوون
چۆکەکانی لە شکست و چاوەکانی لە چاوەڕوانیی نەهێشتەوە.

لەسایەی ئەم هەوڵە بەردەوام و بێوچان و ماندوونەناسانەی سەرۆکەکەمانەوە، چاوەڕێی گۆڕانکاریین لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوەو نێودەوڵەتیشدا.
 

 

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP