من کاغەزێکی تەنك؛ وەك پەڕی گوڵ، ڕەنگاوڕەنگ وەک باڵی پەپولەم، کە دەمنوشتێۆنەوە؛ هێندە نەرم و بچووك دەبمەوە، بەقەد نوشتە یا نوقڵ یا چوکلێتێکم لێ دەمێنێتەوە...
نوشتەنامەشیان پێ دەگوتم، بەڵام من پێمخۆشبوو بە چوکلێتەنامە ناوم ببەن، خۆ هێندە شیرین بووم، هەرچی شیرینی دڵ و حەز و ورە و ئارەقەی کچانی دێ و شار و کوڕانی شاخ هەبوو، هەڵمدەمژی.......
هێندە بچووك و شیرین بووم، کە لە بازگەیەك هەڵگرانم تینیان بۆ دەهات؛ قووتیان دەدام و بەبێ ئاو، بەقوڵپێك ئاودیو دەبووم...
هێندە ئازیز بووم، دڵیان نەدەهات فڕێمدەن یا بمخەنە ژێر پێی سەرنشینەکان یا ڕادەستی چەتە و جەردەکانی بازگەکانم بکەن...
من چوکلێتەنامەم، سەردەمێك مەڵبەند و تیپ و کەرت و مەفرەزەکانم بەیەك دەگەیاند....
من ڕێکخەری سەدان چالاکی بووم....
من ئەڵقەی گەیاندنی شار و شاخ بووم..... زۆرجاریش دەبوومە ئەڵقەی پەنجەی کچانی شار و دێ و کوڕە پێشمەرگەیەك.....
ئاخر ئەوکاتە، کچان خەونیان بە بینین و هاوسەرێتی پێشمەرگەوە دەبینی، لێان دەبوون بە سوارچاکە جەمەدانی لەملەکەی سەر پشتی ئەسپە شێکەی شۆڕش...
فریادڕەسی شار و شاخ...
ئەوکاتە من چوکلێتەنامەیەکی باخەڵی کچانی ڕێکخستن و هاوسەر و خوشکە پێشمەرگە بووم، نوقڵی تەڕ و خاوبووەوەی گیرفانی جلە خاکیە کەتافیەکەی پێشمەرگە بووم...
بە مانگ لە گیرفان و کۆڵەپشتەکەی بارەباری پێ دەکردم تا نەورووشێم و تەڕنەبم تا ئەگەمە دەست ڕێکخستنەکان یا دایك و باوك یا خوشك و برا یا هاوسەر یا خۆشەویست...
من لە شار چەندە قەدەغەبووم؛ هەندەش ئازیز...
شەوان لەژێر سەرین دادەنرام...
چەندین جار دەخوێنرامەوە و ماچ دەکرام....
بەبەر سنگەوە دەنرام و بۆن دەکرام.... فرمێسکیان دەکەوتە سەر وشە و پیتەکانم، مەرەکەبی پیتەکانم ڕوویان دادەپۆشیم... خۆم تەنک بووم، بە فرمێسکەکانیان تەنکتر دەبووم..
یەکێك دەیگوت؛
بۆنی کوڕەکەمت لێ دێت و یەکێك دەیگوت؛ بۆنی براکەم، یەکیش دەڵێ؛ بۆنی هاوسەر یا خۆشەویست...
من تەنها شتێکی وردی ناسك بووم و شوێنی هەموو تەکنەلۆجیای ئێستام گرتبوو، بەڵام خەڵکم بەیەك دەگەیاند، نەك دوورخستنەوە...
من چوکلێتەنامەم، ئێستاش لەبیر ئەوانە ماوم، کە ڕۆژانێک لە گیرفان و باخەڵی بەتاڵ، بەڵام گەرم و پڕ خۆشەویستیان پاراستبووم...
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP