ئەفسانەی کۆنی گریکەکان باس لەهەڵسانەوی باڵندەی قەقنەس ( فینیق ) دەکەن کە لەخۆڵەمێشی سووتانییەوە جارێکیتر هەڵدەستێتەوە ئەمەش ئاماژەیەکی فەلسەفییە بۆ نوێبوونەوەو بەردەوامبوونی ژیان .
دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەمان نوێبوونەوەی ژیانو خەباتی کورد بوو کە بە قۆناغێکی سەختو دژواری بێئومێدیدا تێدەپەڕی لەهەر چوار پارچەکانی کوردستاندا. یەکێتی بەگوڕوتینێکی بەهێزترو شۆڕشگێرانەترو رێکخراوێکی تازەگەری وپێشکەوتنخواز و خاوەن ئیرادە هاتە سەر ساحەی خەبات وئەسپی خۆی تاودا بۆ شۆڕش و گێرانەوەی ئومێد بۆ میللەتێکی بریندار وشۆڕشێکی خنکێندراو بەهۆی پەیمانی جەزائیری خیانەتکارانەی نێوان رژێمی بەعسو شای ئێران .بەگەڕانەوەمان بۆ ئەو سەردەمە پێویستمان بە تیشکخستنە سەر چەند رووداوێکی مێژوویی هەیە کە بوونە خاڵی وەرچەرخان لەمێژووی میللەتەکەماندا . لەگەڵ هەڕەسهێنانی شۆڕشی ئەیلولدا ڕەوانشاد مام جەلال دامەزڕێنەرو ڕابەڕی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوتە جموجوڵو پەیوەندیکردن بە ژمارەیەک لەسەرکردەکانی شۆڕشی ئەیلول بۆ ئەوەی بەکارێکی شۆڕشگێرانەوە تەسلیمبوونی ئیرادەی میللەتەکەمان بە داگییرکەر رەتبکەنەوەو بۆ دونیای بسەلمێنن کەوا گەلی کورد گەلێکی زیندووەو ئیرادەی ناشکێنرێ . لەو سەردەمە هەستیارەدا چاوی بە نێردەی نافەرمی یەکێتی سوڤییەت یەفگینی بریماکۆفی نوسەرو رۆژنامەنووسی روسی لەدیمەشقی پایتەختی سوریا کەوت ، ئەویش داوای لەمام کرد هێزەکانی پیشمەرگەو سەرکردایەتی پارتی سنووری ئێران بەجێبێڵن و بێنە سەر سنوورەکانی سوریاو لەوێ جاڕی بەردەوامبوونی شۆڕش و رەتکردنەوەی رێکەوتننامەی جەزائیر ڕابگەیەنن . بۆ ئەو مەبەسەتەش مامجەلال نامەیەکی بە دەستی نوێنەرێکی تایبەتی خۆی بۆ سەرکردایەتی پارتی نارد داوای لێکردن بەدەم پێشنیارەکەی بریماکوفەوە بێن. بەڵام بە داخەوە ئەوان رەتیانکردەوە !. لێرەدا مام و بەشێک لەهەڤاڵەکانی بیرۆکەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان لەلا گەڵاڵە بوو ، هەر دوای کەمتر لەسێ مانگ لەهەرەسی شۆڕش یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دامەزراند .دوای ئەم قۆناغە ، مامجەلال وهەڤاڵەکانی کەوتنە جووڵەو پەیوەندیکردن بە بەشێکی زۆری سەرکردە دیارەکانی کوردستان کە ژمارەیەکیان بۆ شارەکانی خوارووی عیراق نەفیکرابوون و ، بەشێکیشیان ئاوارەی وڵاتانی دەرەوە بوون . شۆڕش دەستیپێکردو پێشمەرگە دەستی بەچالاکی کردو بەرژێمی بەعسیان راگەیاند کە کورد خاوەن ئیرادەیەو رەفزی تەسلیمبوون دەکات وقسەکەی صەدام حوسینیشیان بە درۆ خستەوە کاتێک دەیووت ( دارخورماش بەسەری جەلال تاڵەبانیدا بڕوێ ، ناتوانێ دە کەس بباتە شاخاکانەوە ) !. راگەیاندنی شۆڕشی نوێ وداستانەکانی پێشمەرگەش باشترین وەڵامدانەوە بوون بۆ ئەم قسەیەی صەدام .هاوتەریب لەگەڵ گەیشتنی پێشمەرگە بە بەرەکانی جەنگی سەروەری دژی رژێمی داگییرکەری بەعس ، مامجەلال و دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نامیلکەیەکیان نووسی لەژێر ناوی ( یەکێتی نیشتمانی بۆچی ؟) کە ئەمە بووە مانیفستێکی فیکری وسیاسی بۆ کاری رێکخستن وپێشمەرگایەتی یەکێتی وشۆڕشەکەی . لەولاشەوە رێکخراوە نهێنییەکانی یەکێتی لەناو شارەکاندا کەوتنە سەر هوشیارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک و تازەکردنەوەی ئومێدیان بە شۆڕش و بەرخۆدان ، مەفرەزە سەرەتاییەکانی پێشمەرگەش لەگوندو ناوچەکانی کوردستان ئەوانیش کەوتنە سەر هوشیارکردنەوەی خەڵکەکانیان و ، لەدەرەوەی وڵاتیش کادیرو ئەندامانی یەکێتی رۆڵی گەورەیان هەبوو لەگەیاندنی هەواڵەکانی شۆرش و هەوڵدان بۆ راکێشانی سەرنجی رایگشتی دەرەوە بۆ کۆمەکی شۆڕشگێرانی ناوەوە .لەگەڵ بەردەوامبوونی چالاکی پێشمەرگەکانی یەکێتی کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی تەنییەوە ، یەکێتی نیشتمانی وەکو رێکخراوێکی مۆدێرن و خاوەن دیدگایەکی نوێی سیاسی ، دەستیکرد بە دامەزراندنی ئەنجومەنی گوندەکان ورێکخستنەوەیان. لەتەک بەردەوامی چالاکی پێشمەرگایەتیشدا بیری لەدانوستانو رێگەی سیاسیشی کردەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلەکەمان ، بۆیە هەوڵی خویدا لەرێگەی دانوستانیشەوە چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد بدۆزێتەوە ، ئەوە بوو هەڤاڵ عەلی عەسکەری سەرکردەی دیاری شۆڕشی نوێی ناردە بەغدا بۆ دانوستان لەگەڵ رژێمی بەعس ، بەڵام هەر وەکو عادەتی بەعس لەخۆ بەزلزانی وغرووری سیاسی ئەم هەوڵەش شکستیهێنا ، بە تایبەتیش تەداخولاتی رژێمی تورکیا کە بە ترسێکی قووڵەوە مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکات ، هەر ئەویش بووە رێگر لەرێکەوتنی سیاسی بۆ چارەسەری کێشەی کورد ، تەنانەت دواتر رژێمی بەعس لەسەرزاری تاریق عەزیزەوە دانی بەو تەداخولاتەی تورکیادا ناو راشکاوانە هۆی رێکنەکەوتنی بەعسی بۆ ئەمە گەڕاندەوە .لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عیراق و ئێراندا قۆناغێکی نوێ لەشۆڕشی کورد دەستیپێکرد ، سەرقاڵبوونی سوپای عیراق ورژێمی بەعس بەم شەڕە وێرانکارییە ، رێگای خۆشکرد لەبەردەم هێزی پێشمەرگەی یەکێتی کە کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بکات وببێتە هێزی یەکەمی کاریگەری سەر ساحەی خەباتی کوردایەتی ، چالاکی پێشمەرگەو داستانەکانیان دونیایان تەنی و دەنگی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان گەیشتە ناوەندە سیاسی ودیبلۆماسییەکانی جیهان و یەکێتی نیشتمانی بووە ژمارەیەکی گەورە لەهاوکێشە سیاسییەکانی عیراقو ناوچەکەدا . بۆیە رژێمی بەعس هەوڵی زۆری دا کە یەکێتی نیشتمانی وەکو ھێزێکی سەرەکی شۆڕش وخەباتی چەکداری کورد بە دانوستان ڕازی بکات ، ئەوە بوو لەساڵانی ٨٣و٨٤دا یەکێتی زۆر بەجیددی چووە ناو دانوستان لەگەڵ رژێمی صەدام ، بەڵام دیسان بە هۆی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانی تەعریب وتەهجیر نەگەیشتنە رێکەوتن ، جارێکیتریش تورکیا ڕۆڵی هەبوو لەشکستپێهێنانی دانوستانەکە .دوای شکستی دانوستان و بۆ رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردو یەکخستنی هێزە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان ، یەکێتی لەدەستپێشخەرییەکی مێژووییدا پرۆسەی ئاشتبوونەوەی گشتی سەرانسەری لەکوردستان راگەیاندو دەستی ئاشتی وبرایەتی بۆ هەڤاڵەکانی لەحیزبی سۆسیالیست وپاسۆک ودواتریش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان وحیزبەکانیتر درێژکردو پرۆسىەی ئاشتەوایی گشتی راگەیەنراو قۆناغێکی نوێ لەهاوپەیمانی وهاوئاهەنگی هێزەکانی پێشمەرگە دەستیپێکرد.کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەو دەستپێکردنی پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفالیش دۆزی کوردی بردە قۆناغێکی نوێوە . ئەم دوو کارەساتی جینوسایدە بوونە باسوخواسی نێودەوڵەتی و بوونە هۆی ڕاکێشانی سۆزی وڵاتانی دونیا بۆ ئەم دۆزەو پشتگییریەکی بێ وێنەی جیهانی بۆ دۆزی کورد دەستەبەر کردو، یەکێتی نیشتمانی لەوەشدا پێشەنگ بوو ، ئەویش لەرێگەی کاری دیبلوماسی لەسەر ئاستی جیهاندا . لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی ناوچەکانی کوردستان بوونه هۆی چۆڵبوونی بەشێکی زۆری سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەناوچەو ئازادکراوەکانی کوردستان ، بەڵام یەکێتی بۆ مانەوەی بڵێسەی شۆڕش وخەبات چەندین مەفرەزەی بچووکی پارتیزانی لەناوچەکانی کوردستان بەجێهێشت هەر لە کفری وکەلارەوە تا سنووری راپەرین وپشدەر ، کە هیچکات لەزەبری کوشندە لەهێزەکانی رژێمی بەعس سڵیان نەدەکردەوە و ئۆمێدی مانەوەیان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەگەڕاندەوە . ئەم دوو کارەساتە گەورەیەی ئەنفال وکیمیابارانیش بوونە هاندەرێک بۆ یەکێتی وحزبە کوردستانیەکان بۆ دامەزراندنی بەرەی کوردستانی کە دواتر رابەڕایەتی راپەرێنی سەرتاسەری کوردستانی کردقۆناغێکی تری خەباتی یەکێتی نیشتمانی لەگەڵ داگییرکردنی صەدام بۆ خاکی دەوڵەتی کوێت دەستیپێکرد ، مامجەلال لەسیمینیارێکی لە ( چەتەم هاوس )ی لەندەن لەمانگی ( ئایار) ی ساڵی ١٩٩٠ دا بە ڕوونی پێشبینی داگییرکردنی کوێت لەلایەن سوپای صەدامەوە کردبوو .. دیارە هەر لەو کاتەوەش حیسابی ئەوەی کردبوو کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی دێنە ناو پرسەکەو زەبرێکی کوشندە لەرژێمی صەدام دەدەن ، بۆیە یەکێتی نیشتمانی و بەرەی کوردستانی خۆیان ئامادە کردبوو بۆ قۆستنەوەی ئەم پێشهاتە چاوەڕوانکراوەو لەگەڵ هەڤاڵانی خۆی و سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی کەوتنە سەر نەخشەداڕێژی بۆ راپەڕێنی جەماوەری و ئازادکردنی هەرێمی کوردستان . پێشبینیی و دووربینییەکەی مام جەلال هاتەدی و شەڕ هەڵگیرساو رژێمی صەدام تووشی شکستێکی گەورە بوو و هێزەکانی لەبەرەکانی جەنگدا رووخان وڕاپەڕێنی خەڵکی عیراق لەخواروو ناوەڕاست دەستیپێکردو راپەرێنی کوردستانیش بەشێک بوو لەم ڕاپەڕێنە سەرتاسەرییە .لێرەدا دەمەوێ باسی رێکەوتێکی سەیر بکەم لەرووداوەکانی ئەو سەردەمەدا . بڕیار بوو رۆژی ١٨ ی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩١ رێکخراوی سۆسيال ديموکراتی نێودەوڵەتی وەکو رێزلێنانێک لەخەباتی مام جەلال و وەکو ئەندامێکی کارای سۆسیال ئەنترناشنال خەڵاتێکی رێزلێنانی پێبەخشیت ، بەڵام لەبەر ئەوەی شەوی ١٧/ ١٨ ئەم مانگە شەڕی هاوپەیمانان دژی صەدام دەستیپێکرد ، مام جەلال نەیتوانی خۆی ئامادەبێت لەمەڕاسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکە بۆیە بە نامەیەک لەرێگەی سەفارەتی نەمسا لەدیمەشق تەکلیفی منی کرد بە نوێنەرایەتی خۆی خەڵاتەکە وەربگرم منیش خەڵاتەکەی کرایسکی بە نوێنەرایەتی مام جەلال وەرگرت .دوای ئازادکردنی خاکی باشووری کوردستان بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە قۆناغێکیتر لەمێژووی خەباتی کورد دەستیپێکرد ، بەرەی کوردستانی جڵەوی دەسەڵاتی لە هەرێمی کوردستان گرتە دەستو دواتر پەرلەمانی کوردستان وحکومەتی هەرێمیش دامەزرا . یەکێتی وەک لەسەرەتاوە مافی چارەی خۆنووسینی کردبووە دروشمی سەرەکی تێکۆشانی خۆی لەدەستپێشخەرییەکی تردا مافی فیدرالی بەبڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان چەسپاند کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگی مێژوویی بوو بۆ جێگییرکردنی مافی ڕەوای گەلەکەمان . ئیدی حوکمی کوردستان کەوتە دەست رۆڵەکانی خۆیەوە ، یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو دوو هاوپەیمان لەگەڵ حیزبەکانیتر کوردستانیان بەڕێوەبرد.هەڵبژاردنی ڕەوانشاد مام جەلالیش وەکو سەرۆک کۆماری عیراق لەساڵی ٢٠٠٥ ئەویش خاڵێکی وەرچەرخان بوو لەمێژووی یەکێتی وکوردستانو عیراقیشدا ، چونکە یەکەمجار بوو گەلانی عیراق بەگشتی سەرۆکێکی کورد هەڵبژێرن بۆ کۆمارەکەیان بەمەش عیراق هەنگاوێکی بوێرانەو ژییرانەی هاوێشت بەرەو دیموکراسیزەبوونی وڵاتەکەیان . مام جەلال لەسەردەمی سەرۆکایەتیدا ببووە رەمزێکی پرشنگداری دیموکراسی لەعیراقدا بۆیە سەرجەم هێزە عیراقییەکان بە گشت پێکهاتەکانیانەوە لەژێر چەتری ئەودا کۆ دەبوونەوە هەر ئەوەش وایکرد بە ( صمام أمان)ی عیراق وەسفی بکەن .یەکێتی بە چەندین قۆناغی سیاسی جیاوازدا تێپەڕێوە ، شکست و هەڵسانەوە ، خۆڕاگری و بەردەوامبوون ، دوای نەخۆشکەوتنو کۆچی دوایی مامجەلال یەکێتی هەر وەکو پێشەنگی هێزە سیاسییەکانی کوردستانو عیراق بەردەوامی بەخەباتی سیاسی و نەتەوەیی خۆیداو ، دیداری یەکەمی یەکێتی کە لەساڵی ٢٠٢٢ و دیداری دووەمیش لەم ساڵەی ٢٠٢٥دا نیشانەی زیندوویەتی و هەڵسانەوەی یەکێتییە ، ئەم دیدارانەش مەبەستی سەرەکییان ئەبدەیتکردنو تازەکردنەوەو چاکسازی گشتی ناو یەکێتییە .لەیادی پڕشکۆی پەنجا ساڵەی یەکێتیدا سەری رێزو نەوازش بۆ ڕابەڕی نەتەوەو گەلی کوردستان ویەکتێییەکەمان هەڤاڵی نەمر مام جەلال دادەنەوێنین ، لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی یەکێتی و گەلەکەمان .قەلای ئێمە شورای پشتمان سەنگەرمان هێزی گەلە {ی ن ك} رابەرمان ..
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP