(٢)
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە روانگەی بڕوابوونی یەكێتی بەتایبەتی هەڤاڵ مام جەلال بە ماف و توانای ژنان پانتاییەكی تایبەتی گۆڕەپانی خەباتی خۆی تەرخانكرد بۆ ژنان و لەو قۆناغە دژوارەدا ئەركێكی زۆر مەترسیدار كەوتە سەرشانی تەوارە نیشتمانپەروەرەكانی وڵات. بۆیە لەهەموو وێستگە جیاوازەكانی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی، خەباتی نهێنی ناو شارەكان، قۆناغی دوای راپەڕین تا دەگات بە ئێستا ژنان كۆڵەكەیەكی بەهێزی خەباتی هەمەلایەنەی یەكێتین. لێرەدا ئاماژە بە هەندێ رەهەندی خەباتی ژنان لەناو یەكێتی دەدەین.
ـ لەسەردەمی خەباتی نهێنی و گەیاندنی نامەی رێكخستن بۆ ناوچە رزگاركراوەكان، هەروەها ئاڵۆگۆڕی زانیاری و نامە لەناو شار و تەنانەت بڵاوكردنەوەی پەخشنامە بەشێكی زۆر لە تەتەر و هەڵگرانی نامە نهێنیەكان ژنان بوون و دەیان لەو تێكۆشەرانە بە نامە نهێنییەكانەوە گیراون و ئەشكەنجە دراون.
ـ بەشێكی زۆر لە ژنان كە كوڕەكانیان یان هاوسەرەكانیان پێشمەرگە بوون بەهۆی كوڕ و هاوسەرەكانیانەوە زیندانی و ئەشكەنجە دەدران.
ـ بەشێكی دیكەی ژنان كە كوڕ و هاوسەرەكانیان پەیوەندییان بە هێزی پێشمەرگەوە دەكرد، ئەركی بەخێوكردنی خێزانەكانیان دەكەوتە سەرشانی ژنان و رۆڵی باوكایەتیشیان دەبینی.
ـ بەشێكی دیكەی ژنان كە لەگەڵ هاوسەرەكانیان روویان دەكردە ناوچە رزگاركراوەكان، دەبوونە ئامانجی بۆردومان و پەلامارەكانی سوپای ئەوسای رژێمی بەعس و دەیان ژن بوونەتە قوربانی.
ـ هەروەك نابێ رۆڵی ژنان لە ناوچە رزگاركراوەكان لە خزمەتی هێزی پێشمەرگە بە هەند وەرنەگرێت.
ـ هەندێك لەو تەوارە ئازایانە، شان بە شانی پیاو ئەركی برین پێچی و پزیشكیان بۆ رزگاركردنی ژیانی پێشمەرگە تەرخان دەكرد.
ـ هەندێك لەو ژنە كەموێنانە مامۆستای شۆڕش بوون و ئەركی پەروەردە و فێركردنی مناڵانی ناوچە ئازادكراوەكانیان لەئەستۆ بوو.
لەبەرامبەر ئەو رۆڵ و ئەركەی كە لەسەر شانی ژنان بووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی هەڤاڵ مام جەلال بە بەردەوامی پشتگیری لە خەباتی ژنان دەكرد و هانی دەدان، بۆیە ژنان لەناو ریزەكانی یەكێتیدا لە چەندین بواردا پێشەنگی ژنانی كوردستان بوون لەوانە:
ـ یەكەم رۆژنامەوان و وێنەگری جەنگیی ژنێكی شۆڕشگێر بوو كە لە شاخەكانی كوردستان شانبەشانی برا پێشمەرگەكان لە بەرەكانی شەڕ و بۆردوماندا دیمەنی شەڕەكانی تۆمار دەكرد ئەو ژنە شۆڕشگێرە هەڤاڵ (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بوو.
ـ پەروەردەكردنی چەند قەڵەمێكی ئازا و بوێر لەناو ژنانی شاخ و دەركردنی گۆڤاری (تەوار) كە تایبەت بوو بە ژنان.
ـ دروستكردنی رێكخراوی یەكێتی ژنان لەسەردەمی خەباتی شاخ.
ـ لەدوای راپەڕین پێكهێنانی هێزێكی بە دیسپلینی پێشمەرگە تایبەت بە ژنانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ بەرگری لە كوردستان.
ـ یەكەم ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبێكی كوردستانی كە ژن بوو هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
ـ یەكەم ژنە حاكمی كورد لەلایەن یەكێتییەوە دەستبەكار بوو.
ـ یەكەم سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ ماوەی زیاتر لە (٥) ساڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كردبێت خانمە هەڤاڵێكی یەكێتی بووە.
ـ یەكەم پارێزگاری پارێزگایەكی كوردستان كە ژن بێت هەڤاڵیكی یەكێتی بوو.
ـ یەكەم ژنە قایمقامی كورد هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
ـ یەكەم سەرۆكی زانكۆ لە هەرێمی كوردستان كە ژن بێت هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
ـ یەكەم سەرۆكی شارەوانی لە ناوەندی پارێزگایەك كە ژن بێت هەڤاڵێكی یەكێتی بوو.
ـ یەكەم كەناڵی ئاسمانی كوردی كە بەرپرسەكەی ژن بیێت، كەناڵیكی یەكێتی بووە و بەرپرسەكەی هەڤاڵێكی ژن بووە.
ـ یەكەم حزبی كوردستانی كە بڕیاری دابێت ٢٥% سەركردەكانی ژن بێت یەكێتی بووە.
هەموو ئەم یەكەمانە و چەندانی دیكە، بەڵگەی ئەو راستیەن كە ژنان لەناو ریزەكانی یەكێتیدا پێگەیەكی بەهێزیان هەیە و لەبەرامبەریشدا، یەكێتی متمانەی تەواوی بە ماف و تواناكانی ژنان هەیە و لەدوای كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیش یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەسەرپەرشتی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی تەرخانكرا بە چۆنیەتی پشتگیریكردنی ژنان لەناو ئۆرگانەكانی یەكێتی و پاراستنی مافەكانیان وەك هەمیشەش یەكێتی وەك بەشێك لە جەستە و بیری سۆشیال دیموكرات بەردەوامدەبێت لەسەر پشتگیریكردن لە ژنان و هەوڵەكانی یەكێتی بەو ئاراستەیە دەبێت كە پانتایی پاراستنی مافی ژنان تەنها لەناو ئۆرگانە حزبیەكاندا قەتیس نەكرێت، بەڵكو لەناو هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ رەنگبداتەوە و بچەسپێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP