قوباد تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا کۆبووەوە

کوردستان
16:32 - 2025-05-21


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(21/5/2025) بەڕێوەچوو، باس لە دوایین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەیدا بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو وەفدی دانووستانکاری پارتی و یەکێتی و روونیکردەوە کە کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بووە و هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە. 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا کرا، هەردوولا هاوڕابوون سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی کورد و تورک و هەموو ناوچەکەدایە و بە پێویستیشیانزانی هەردوولایەنی کێشە بەپێی نەخشەرێگایەک هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.

سەبارەت بە دۆخی سوریاش، هەردوولا گەشیبینی خۆیان دەربڕی کە لە سوریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان پارێزراوبێت و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاربێت تا سوریای نوێ بتوانێت بەرەو سەقامگیری و جێگیرکردنی سیستمێک هەنگاوبنێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدابێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP