رفعەت عەبدوڵا: لەبایەخ و سەنگی هیچ ئۆرگانێک کەمناکرێتەوە

کوردستان
21:18 - 2025-05-15

رفعەت عەبدوڵا: لەبایەخ و سەنگی هیچ ئۆرگانێک کەمناکرێتەوە

چارەسەری راستەقینە چالاککردنەوەی رێوشوێنە حزبی و رێکخراوەییەکانە
لەڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکاندا هیچ کادرێک بێڕۆڵ و بێکار نابێت
وەبەرهێنان لەوزەو توانای کادرەکانمان دەکەین
یەکێتی هیچ کادرێکی لێ زیادنیە

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پێنجشەممە، ٢٠٢٥/٥/١٥، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی لەسلێمانی، هەڤاڵ (رفعەت عەبدوڵا) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازی کرد لەهەڤاڵ (سەرکەوت زەکی) ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی (ی.ن.ک) و هەڤاڵانی مەکتەب.
لەسەرەتای دیدارەکەدا هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا ستایشی رۆڵی هەڤاڵ لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستنی کردو هەوڵ و کارەکانیانی لەماوەکانی رابردوو بەرز نرخاند. 
لای خۆیەوە هەڤاڵ (سەرکەوت زەکی) پوختەیەک لەکارو چالاکی و هەوڵەکانی مەکتەبی رێکخستنی روونکردەوەو رایگەیاند لەژێر رۆشنایی راسپاردەو سیاسەتەکانی یەکێتی و گۆڕانکارییە هەنووییەکاندا هەموو توانایەکمان دەخەینە گەڕ بۆ بوژانەوەی ژیانی حزبی و چالاکردنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکان.
تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە تایبەت بوو بەچوارچێوەی رێوشوێنەكانی رێكخستنەوەی ئۆرگان و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان، لەوبارەیەوە هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا جەختی کردەوە لەبایەخ و سەنگی هیچ ئۆرگانێک کەمناکرێتەوە بگرە چالاک و پڕ جوڵەی بەرهەمدار دەکرێت وتیشی:"ئامانجمانە وەبەرهێنان لەوزەو توانای کادرەکانمان بکەین و ئیدی لەخۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکاندا هیچ کادرێک بێڕۆڵ و بێکار نابێت".
هەڤاڵ جێگری سەرۆکی یەکێتی بۆهەڤاڵانی روونکردەوە ئێستا کەیەکێتی بەرەو یۆبیلی زێڕینی پەنجا ساڵە دەچێت هیچ کادرێکی لێ زیادنیەو هەموومان پێکەوە ئەم قۆناغە تازەیەی خەبات زیاتر بەرەو پێشەوە دەبەین لەوبارەیەوە وتی: "چارەسەری راستەقینە چالاککردنەوەی رێوشوێنە حزبی و رێکخراوەییەکانەو هێنانە پێشەوەی وزەو توانای نوێیە لەدامەزراوە حزبیەکانماندا".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP