سەرۆککۆماری عیراق: پێویستە زمانی دیبلۆماسییەت بەسەر زمانی شەڕدا سەربکەوێت

کوردستان
14:03 - 2025-05-17


ئەمڕۆ 17ی5ی2025ی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بە دروشمی(پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات)، بەئامادەبوونی سەرۆک و سەرکردە عەرەبییەکان و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو، لەگەڵ دەیان میوانی وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی ئەوروپاو رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەعیراق بەڕێوەچوو.

پاشان وتاری دەستپێک لەلایەن دکتۆر لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراقەوە خوێندرایەوە و رایگەیاند:"لوتکەی عەرەبی لەکاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، سوپاسی عیراق دەکەین بۆ رێکخستن و پێشوازیکردن لەم لوتکەیە و پارێزەری یەکڕیزی وڵاتانی عەرەبی دەبین".

راشیگەیاند:" بە هەموو شێوەیەک دەستوەردانی دەرەکی، هاوکات دەستدرێژی بۆ سەر فەڵەستینییەکان رەتدەکەینەوە، پێویستە زمانی دیبلۆماسییەت بەسەر زمانی شەڕدا سەربکەوێت".

سودانی: پێشوازی لەلابردنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەکەین 
هاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عیراق وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند:" دژی راگواستن و کۆچپێکردنی فەلەستینییەکانین، هەروەها لەگەڵ راگرتنی شەڕی سۆدانداین".

راشیگەیاند:"پێشوازی لەلابردنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەکەین و گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش بەرزدەنرخێنین".

کۆمکاری عەرەبی لە ساڵی 1945 دامەزراوە و پێشتر لە ساڵانی 1978، 1990 و 2012 سێ جار لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەچووە، هاوکات عیراق یەکێكە لە دامەزرێنەرانی کۆمکارەکە و ژمارەی ئەندامەکانی 22 ئەندامە، کە هەریەک لە هیندستان و ئەریتریا و ڤەنزوێڵاش ئەندامی چاودێرن.



دەقی وتارەکەی سەرۆککۆماری عیراق:

به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەڕێزان خاوەنشکۆ و ناوداران و پایەبەرزان

پایەبەرز سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی

میوانە بەڕێزەکان

سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت.
بەناوی خۆمانەوە و بەناوی گەلی عێراقەوە خۆشحاڵین بەخێرهاتنتان بکەین بۆ ووڵاتی دوو ڕوبارەکە ، ئەمڕۆ شەرەفمەندین کە میوانداریی کارەکانی لووتکەی عەرەبی بکەین لە سی و چوارەمین خولی خۆیدا، لە ژێر هەلومەرجی ئاڵۆزی ئەمنی و تەحەدای ئابووری کە ڕەنگە مەترسیدارترینیان بێت، چونکە تارمایی جەنگ هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکانمان و تەنانەت هەموو جیهان دەکات و ڕێگرە لە هەوڵەکانی گەشەپێدان و ئاواتەکانی داهاتوومان و هەروەها کێشە ئابوورییەکان کە کاریگەرییەکانیان بە ڕوونی دەردەکەون و سێبەریان دەخەنە سەر ژیانی گەلانمان.

ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە عێراق سەرۆکایەتی لووتکەی عەرەبی وەردەگرێت  و سوپاسگوزاری قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەوڵە ناوازەکانی کۆمکاری عەرەبی لەم قۆناغە هەستیارەدا و خۆشحاڵین کە سوپاسی بەڕێز ئەحمەد ئەبولغەیت سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی و ئەوانەی لەگەڵیدا کاریان کردووە بکەین  بۆ هەوڵە بەرچاوەکانیان بۆ سەرخستنی کارەکانی لووتکەی عەرەبی .

لووتکەی بەغدا لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز و ئاڵنگاریەکی جددی بەڕێوەدەچێت کە هەڕەشە لە ناوچەکەمان و ئاسایشی وڵاتەکانمان و چارەنووسی گەلانمان دەکات و لێرەوە دەبینین کە ئەم هەڕەشانە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەتر دەخەنە سەرشانی ئێمە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستمان هێناوە و دوورخستنەوەی وڵاتانمان لە کاریگەری قەیرانەکان و لەم چوارچێوەیەشدا سەرکردایەتی و گەلی عێراق بە پێویستی دەزانن دەستپێشخەری و جوڵەی بەپەلە بکەن بۆ زیادکردنی دەرفەتی سەقامگیری عەرەبی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەڕێگەی دەستپێشخەری بنیاتنەرانە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرە دیبلۆماسیەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵاتانمان بکات و پابەند بێت بە پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاساکانی  نێودەوڵەتی و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و پاراستنی ئەرکەکانی دراوسێیەتی باش و هاوکاری هاوبەش و هەروەها جەخت لەسەر گرنگی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگی ڕاستەوخۆی دوولایەنە یان لەڕێگەی ناوبژیوانانەوە دەکات و سیاسەتی  دەستێوەردانی دەرەکی و بەکارهێنانی هێز ڕەتدەکاتەوە.

خاوەنشکۆ و خاوەن پایەکان میوانە ئازیزەکان، نزیکەی ساڵ و نیوێکە گەلی فەلەستین لە غەززە و بەشەکانی تری ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی سیستماتیک دەبنەوە بە ئامانجی لەناوبردنی بوونی فەلەستینییەکان لەسەر خاکی داگیرکراو، لەکاتێکدا ئێمە ئەم دەستدرێژییە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و ئیدانەی ئەو کردارانە دەکەین کە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی یاسای نێودەوڵەتین  دەستخۆشی لە خۆڕاگری گەلی فەلەستین دەکەین و هەڵوێستی خۆمان دووپات دەکەینەوە لە بەستهێنانی مافەکانیان لە سەر خاکی نیشتمانی خۆیان و هەوڵەکان بۆ دەرکردنی گەلی فەلەستین بە هەر بارودۆخێک و ناوێک بێت ڕەتدەکەینەوە.

عێراق هەڵوێست و پرەنسیپی خۆی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری ووڵاتانی عەرەبی دووپات دەکاتەوە و هەموو جۆرە دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی ڕەتدەکاتەوە کەهەڕەشەبێت لەسەر سەروەری ئەم ووڵاتانەو گەلەکانیان و جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرە سیاسیەکان و دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر دەکاتەوە وەکو تاکە ڕێگا بۆ چارەسەری قەیرانەکان،هەروەها ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی گەلان لە بنیادنانی ووڵاتەکانیان و گەیشتن بە خواستەکانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەند، کە گوزارشت لەروحی برایەتی و بەرپرسیارێتی دەکات کەلە سەرۆکایەتی لوتکەکەدا بەرجەستە و پابەنبوونی عێراق بە یەکڕیزیی عەرەبەوە.

خاوەنشکۆو خاوەن پایەکان میوانە ئازیزەکان، ئامانجی کۆتایی لە بەستنی لووتکەی ئەمڕۆمان، پاش ماوەیەکی کەم لە لووتکەی بەپەلە لە قاهیرە، یەکخستنی هەڵوێستەکانمانە سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکان و تەحەداکان و باوەڕبوون بە گرنگی کاری هاوبەشی عەرەبی، ببێتە هۆی سەرخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەسەر بەرژەوەندییەکانی تردا، هەروەها زاڵبوونی زمانی لۆژیک و دیالۆگ بەسەر زمانی هێزدا لە یەکلاییکردنەوەی جیاوازییەکان و سوودوەرگرتن لە هەڵکەوتەی جوگرافی و کەلەپووری مێژوویی و کەلتووری دەوڵەمەند، سەرچاوە مرۆیی و سامانەکانمان، کە بوونەتە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان.

ئەمڕۆ داوامان لێدەکرێت کە کارە هاوبەشەکانمان چالاک بکەین و ئەو شتانەی کە دەتوانێ یەکێتیمان دابەش بکات و کار لەسەر بەرژەوەندیی گەلەکانمان بکەین بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی بهێنین، یەکڕیزی خوێن و ئایین و مێژوو و چارەنووس ئەوەندە هاوبەشە کە بتوانین هەڵوێستەکانمان لەسەر مەسەلە سەرەکییەکان یەکبخەین کە هەڕەشە لە ئاسایشی گەلەکانمان و سەقامگیریی وڵاتەکانمان دەکەن و جەخت لەسەر یەکگرتنەوە و هاوبەشی و هاوکاری بکەین و دەستپێکردنی دامەزراندنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری لەگەڵ ئەنجوومەنی هاوکاری و وڵاتانی دراوسێ.

له کۆتاییدا داوا له خوای گەوره دەکەین هاوکاری هەموومان بکات له پێناو بەرژەوەندی گەلەکانمان و سەقامگیری وڵاتەکانمان و هەمیشە لەسەر یەکڕیزی هەڵوێست کۆببنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پوچەڵکردنەوەی ئەو پلانانەی کە دەیانەوێت ئێستامان لێزەوت بکەن و هەڕەشە لە ئایندەمان بکەن .

سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP