رفعەت عەبدوڵا: ئەركی هەموو ئۆرگانەکانە یەکێتى لەهەڵبژاردندا سەربخەن

کوردستان
18:27 - 2025-05-11

هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بۆردو ناوەندکانی رێكخراوە دیموكراتییەكان لە كوردستان كۆبۆوە.

لەكۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ (11/5) لە مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی بەئامادەبوونی هەڤاڵان (بورهان سەعید سۆفی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، عەباس فەتاح ، فریال عەبدوڵلاو ستران عەبدوڵا) ئەندامانی سەركردایەتی بەڕێوەچوو ، گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی كرا.

هەڤاڵ جێگری سەرۆكی یەكێتی روونكردنەوەی پێویستی لەسەر گۆڕانكارییە ئۆرگانییە چاوەروانکراوەکان دا بەتایبەتی لەكاروباری رێكخراوە دیموكراتییەكان لەچوارچێوەی مەكتەبێکی نوێ بەناوی (مەكتەبی كاروباری رێكخراوەیی). لەمبارەیەوە گوتی: «مەڵبەندەكانی یەكێتی هەر مەڵبەندی رێكخستن نابن، بەڵكو مەڵبەندی هەموو بوارەكانی خەباتن و دەبنە رووی گەشی مامەڵەو بەرخودی یەكێتی لەگەڵ جەماوەر لەسنووری مەڵبەندەكاندا».

هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا دەربارەی ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد ئەركی هەموو هەڤاڵان و ئۆرگانەکانی  یەكێتی ئەوەیە هەر لەئێستاوە تواناکانی خۆیان یەكبخەن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن و سەرخستنی یەکێتیی لەهەڵبژاردندا.
هەڤاڵانی رێكخراوەكان روانگەو بیروڕای خۆیان دەربارەی رێوشوێنەكانی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان دەربڕی بەوجۆرەی ئەركە رێكخراوەییەكان سەربکەوێت، بەتایبەتی لەچوارچێوەی وێستگەی داهاتووی خەباتی جەماوەریدا لەهەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP