تەندروستی هەرێم هۆشداری دەداتە ژنانى دووگیان

کوردستان
09:25 - 2025-05-05

تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە ژنانى دووگیان.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەو دیاردەیەى کە بەشێک لە ژنانى دووگیان دەیانەوێت پێش کاتی ئاسایی لەدایکبوون لە بەروارێکی جواندا نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت و کۆرپەکەیان لەدایکبێت، ڕاگەیاند، سەرجەم نەخۆشخانە گشتی و تایبەتەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە نابێت بەهیچ شێوەیەک نەشتەرگەری بۆ ئەو ژنە دووگیانانە بکرێت، کە نیازیانە لە بەروارێکی جوان منداڵەکانیان پێش کاتی لەدایکبوون بە نەشتەرگەریی لەدایکبێت.
وتیشی: بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئەم دیاردەیە کەمبووەتەوە، وەزارەتی تەندروستیش هەموو ڕێککارێک دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگەنەدرێت ژیانی کۆرپەلە بخرێتە مەترسییەوە، هەربۆیە پێش نەشتەرگەریی ئافرەتی دووگیان پێویستە بەڵگەنامەی زانستی هەبێت، کە بسەڵمێنیت کاتی لەدایکبوونی کۆرپەکەی هاتووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆرێک لە ژنانى دووگیان بە نەشتەرگەری وادەی لەدایکبوونی کۆرپەلەکانیان پێش دەخەن بۆ ئەوەی لە بەروارێکی جوانی وەک ئەمڕۆ دووشەممە 5-5-2025 ە ،منداڵیان لەدایکبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP