نوخشە ناسیح: ئەو قەڵەمەی ئیمزاكه‌ی پێکراوە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دادەنێین

کوردستان
16:32 - 2025-04-29


ئەمڕۆ سه‌رۆككۆماری عیراق ئیمزای له‌سه‌ر یاسای به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ كرد  و پارێزگاری شارەکەش رایدەگەیەنێت:" دوای 37 ساڵ بۆ یه‌كه‌مجاره‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان پێده‌كه‌نن". وتیشی:" ئەو قەڵەمەی ئیمزاكه‌ی پێکراوە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دادەنێین"

نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت دوای ئیمزاکردنی یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" سوپاسی سەرۆککۆمار دەکەم و هەر لەسەرەتاوە لەگەڵماندا بووە، هەروەها سوپاسی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنە کوردستانی و عیراقییەکان دەکەین".

راشیگەیاند:" سەرۆکۆمار پێی راگەیاندین بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری هەڵەبجە نابین، چونکە لەئەمڕۆوە قۆناغی ئاوەدانی و گەشەسەندنی هەڵەبجە دەستپێدەکەین".

پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت جارێکی دیکە پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کرد و رایگەیاند:" دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان و هەڵەبجەییەکان بکەم بۆ ئەم رۆژە مێژووییە".
پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی:" ئەو قەڵەمەی کە ئیمزاکەی پێکراوە لە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە دادەنێین".

راشیگەیاند:" لە پارێزگای هەڵەبجە چەند بەڕێوەبەرایەتییەکی فیدڕاڵیمان هەیە وەک پاسپۆرت و پسوڵەی خۆراک و ژمارەی ئۆتۆمبێلی خۆمان، ئێمە پێشتریش بەشێوەیەکی زمنی پارێزگابووین، تەنها  رووە یاسایی و ئیدارییەکانی مابوو، خۆشبەختانە دوای ئەم قۆناغە دەتوانین دەستبکەین بەرێککارەکان".

 لە کۆتایشدا نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت رایگەیاند:" ئەرکەکەمان وەک ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات بە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیدان و بوژاندنەوەی پارێزگاکەمان"

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP