د.جوان ئیحسان: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا نه‌كردووه‌

کوردستان
16:57 - 2025-05-28


ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: "به‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان داوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا نه‌كردووه‌"، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد:"یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی له‌پرۆسه‌ی ئاشتی له‌توركیا ده‌كات".

د.جوان ئیحسان ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:"له‌سه‌ردانه‌كه‌ماندا بۆ توركیا له‌گه‌ڵ حزبی جه‌هه‌په‌، گفتوگۆمان له‌سه‌ر پرسێكی گرنگ كرد، كه‌ پرسی ئاشتی بوو به‌تایبه‌ت له‌توركیا، ئاشكرایه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك حزبێكی سۆسیال دیموكرات یه‌كێك له‌بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كات سه‌قامگیری و ئاشتیی و بنه‌ماكانی دیموكراسی و چه‌سپاندنی دیموكراسییه‌".

راشیگه‌یاند: "له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1990 به‌سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی سه‌رۆك مام جه‌لال پرۆسه‌ی ئاشتی له‌توركیا ده‌ستپێكرا، هه‌ر بۆیه‌ بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نامۆ نییه‌و به‌باشمانزانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان گفتوگۆ بكه‌ین بۆ ئه‌م پرۆسه‌ زۆر گرنگه‌ی توركیا و كوردستان و هه‌موو ناوچه‌كانی دیكه‌ش، چونكه‌ تا سه‌قامگیری زیاتر بێت دۆزی كورد به‌ره‌وپێشچوونی باشتر به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، هاوكات له‌سه‌ردانه‌كه‌شماندا بۆ توركیا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داوای كۆبوونه‌وه‌مان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا نه‌كردووه‌، هه‌ر ده‌نگۆیه‌كیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بێت راست نییه‌".

هه‌ر له‌كۆنگره‌كه‌دا د.جوان ئیحسان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌سلێمانی میوانداری زۆربه‌ی ئه‌و هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردیانه‌مان كرد، كه‌ به‌شێكیان ئه‌ندامن له‌سۆسیاڵ ئینته‌رناشناڵ و هه‌ندێكیشیان چاودێرن تێیدا، كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرد كۆمیته‌ی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ سۆسیاڵ ئینته‌رناشناڵ چالاك بكه‌ین، كه‌ كۆنگره‌كه‌ به‌ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ ناوهێنراو هاوكات له‌چه‌ند مانگی داهاتوودا به‌ به‌شداری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌شاری سلێمانی كۆنگره‌ی گه‌وره‌ی رێكخراوی جیهانی SI به‌ڕ‌ێوه‌ده‌چێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP