دەرباز کۆسرەت رەسوڵ پێشوازیی له‌ به‌رپرسی نوسینگه‌ی یۆنامی ده‌كات

کوردستان
20:32 - 2025-05-28


دوانیوەرۆی ئەمڕۆ 28ی5ی2025 دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لەشاری هەولێر پێشوازی کرد لە فرانسیسک ریڤیولتو لاناو بەرپرسی نووسینگەی یونامی لەهەرێمی کوردستان.

لە دیدارێکدا، بارودۆخ و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێکران، هەنگاو و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لێوەکرا.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڕیارە رۆژی 11ی  تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەبچێت، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ لەو دیدارەدا ڕایگەیاند: "بەشێکی زۆری کەموکوڕییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران پەیوەندییان بەبەغداوە هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئامانجی ئێمەیە، دوای هەڵبژاردن بەنەخشەڕێگایەکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا دادەڕێژێتەوە، هەروەها هانی بەشداری هاوڵاتیان دەدەین بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق".

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ راشیگەیاند: "بەهێزی نوێنەرانی کورد لە بەغدا کاریگەریی دەبێت لەسەر باشتر خزمەتکردن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP