رفعەت عەبدوڵا: کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری دەبێت

کوردستان
13:38 - 2025-05-06

حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبێنهرێت و گرفتەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕال چارە بکرێن

باڵیۆزی ئوسترالیا: چارەسەرکردنی بەپەلەی گرفتەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور

نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی یەکێتی

 هەڤاڵ رەفعەت عەبدوڵلا جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەئامادەبونی (ستران عەبدوڵا) ئەندامی سەرکردایەتی پێشوازی کرد لە(گلین مایلز) باڵیۆزی ئوسترالیا لەعێراق.
لەدەسپێکی دیدارەکە کە ئەمرۆ (٦-٥-٢٠٢٥) لە سلێمانی بەرێوەچوو هەردوولا کۆتا پەرەسەندنەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەو عێراقیان تاوتوێکرد. 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی ستایشی رۆڵی دیپلۆماسی  ئوسترالیای لەعیراق کردو روانگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی لەسەر پرسە سیاسییەکانی کوردستان و عێراقی بۆ بەرێز باڵیۆز روونکردەوە.
جێگری سەرۆکی یەکێتی بەگرنگیەوە ئاماژەی بەسەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێم کرد بەدورخستنەوەی لەئاڵنگاری و ئەو ئاڵۆزییانەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت و وتی:«کوردستان هەمیشە فاکتەری ئاسایش و سەقامگیری دەبێت لەناوچەکەدا».
پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو، رفعەت عەبدوڵا هەوڵەکانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بۆ باڵیۆزی ئوسترالیا رونکردەوەو وتی:«هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە پێش هەڵبژاردنەکانی عیراق حکومەتێکی یەکگرتوو خزمەتگوزار پێکبێنهرێت».
لەبەرامبەردا باڵیۆزی ئوسترالیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتێکی یەکگرتوو خزمەتگوزار لەهەرێمدا دەربڕی.
جێگری سەرۆکی یەکێتی جەختی لەپەرەپێدان و تۆکمەکردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوسترالیا کردەوەو رایگەیاند: «برەودانی زیاتر بەپەیوەندیەکان و کارکردنی دوولایەنە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەش».
لەبەرامبەردا گلین مایلز باڵیۆزی ئوسترالیا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێم دوپاتکردەوەو هیوای خواست  کوردستان هەمیشە گرفتەکانی لەگەڵ بەغداد بەگفتوگۆ و  لێکتێگەیشتن چارەسەر بکات. وتیشی :«چارەسەرکردنی بەپەلەی گرفتەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستور گرنگە».
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵا پشتیوانی بۆ وتەکانی باڵیۆز دەربڕی وتی: «خواستی بەردەوامی یەکێتی چارەسەرکردنی گرفتەکان و رێککەوتنی هەرێم و حکومەتی فیدراڵە».
باڵیۆزی ئوسترالیا بەگرنگیەوە باسی پێگەی هەرێمی کوردستانی کردو سەرسامی خۆی بەپێشکەوتنی بەرچاوی سلێمانی پیشانداو خواستی وڵاتەکەی بۆ هاریکاری و پێکەوەیی دەربڕی، هەروەک پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانیشی لەهەرێم بەمایەی خۆشحاڵی وەسفکرد.
باڵیۆزی ئوسترالیا رۆڵی گرنگ و کاریگەری سەرۆک مام جەلالی لەگۆڕەپانی سیاسی عیراق و کوردستاندا بەرز نرخاندو ئاماژەی بەوەدا سەرۆک مام جەلال سەرکردەیەکی ژیرو بەحیکمەت و چەتری کۆکەرەوەی هەمووان بوو.
تەوەری کۆتایی دیدارەکە باسکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق بوو کەبڕیارە نۆڤەمبەری ئەمساڵ ئەنجامبدرێت. هەردوولا هاوڕابون کە ئەم وێستگە دیموکراسیەش گەشەی زیاتر بە پرۆسەی سیاسیی وڵات بدات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP