جێگری سەرۆک وەزیران وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسان دەداتەوەو رایدەگەیەنێت: "ئاساییە لەناو هەرێم بۆچون و رای جیاوازمان هەبێت لەگەڵ پارتی، وەک دوو حزبی سیاسی جیاواز، بەڵام دەبێت لەسەر پرسە نیشتمانی و گرنگەکان یەک هەڵوێست بین لەپێناو بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان".
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن رایگەیاند: "لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم هەتا ئێستا نەگەیشتوینەتە رێککەوتن و کۆبونەوەکان بەردەوامن و بەگشتیش تێیدا باس لە پێکهێنانی حکومەت دەکرێت".
لەوەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنوسان سەبارەت بە کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی لە دوکان وتی: "کۆبونەوەی دووکان بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وەک درێژەپێدەری دانیشتنەکانی نێوان تیمی یەکێتی و پارتی بوو بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەتا بتوانین دوای تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و پێکهێنانی حکومەتی نوێ پێکەوە باشتر ئەم هەرێمە بەڕێوە ببەین".
ئاماژەی بەوەشکرد: "لەهەموو کۆبونەوەکان باس لەوە کراوە ئاساییە لەناو هەرێم بۆچون و رای جیاوازمان هەبێت و رکابەربین وەک دوو حزبی سیاسی جیاواز، بەڵام دەبێت لەسەر پرسە نیشتمانی و گرنگەکان یەک هەڵوێست بین لەپێناو بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان".
ئەوەشی وت: "هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی زۆر جدین لەوەی دەبێت حکومەتێک پێکبهێنرێت شایستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت، بۆیە دەبێت لەسەر دیدگایەکی هاوبەش بۆ حوکمڕانی رێکبکەوین، ئەوەش کارێکی ئاسان نییە بۆ دوو حزبی جیاواز".
لەبارەی پرسی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیشەوە رایگەیاند: "لای وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەمێکە لیستی مووچە نێردراوە بۆ بەغدا، بەڵام هەتا ئێستا چاوەڕوانی رەزامەندی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵین".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP