د. یوسف گۆران: یەكێتی خوازیارى پێکهێنانى حكومەتێكی خزمەتگوزارە لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە

کوردستان
19:42 - 2025-05-06

ئەمڕۆ دوو شەممە (6/ 5/ 2025) لە مەڵبەندى دیراساتى گشتى (ی.ن.ک) لە سلێمانى بە ئامادەبونى د. مۆفەق خالید لێپرسراوی ئەكادیمیای پەروەردەو پەرەپێدان پێشوازیمان کرد لە (گلین مایلز) باڵیۆزى ئوسترالیا لە عێراق و (ئیلیۆت مان) سكرتێری سیاسی دووەم لە باڵیۆزخانەى ئوسترالیا.
لە دیدارێکدا بارودۆخی عێراق و دوا پەرەسەندنەكانی ناوچەكە گفتوگۆى لەبارەوە کرا، بۆ ئەمەش بەوردی تیشكمان خستە سەر دیدی یەكێتی نیشتمانى کوردستان بۆ حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، بەو پێیەى یەكێتی دەیەوێت حكومەتێكی خزمەتگوزار لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە بێتە كایەوە، سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی دەربارەی دوا پەرەسەندنەكانى ناوچەکە، ڕونمان كردەوە یەكێتی وەكو هەمیشە گفتوگۆ و ئاشتی بە باشترین بژاردەی گەلانی ناوچەكە دەزانێت و لەم پێناوەشدا هەرچی لەتوانادا بێت درێغی ناكات و مەبەستمانە كاراكتەرێكی ئیجابی بین لە هێنانە كایەی ئاشتی و برایەتى. 
سەبارەت بە بارودۆخى عێراق، دوپاتمان کردەوە یەكێتی خوازیاری ئەوەیە عێراق لە هیچ ململانێیەكی ناوچەكە تێوە نەگلێت و خاك و خەڵكەكەی پارێزراوبن. هەر لە دانیشتنەكەدا ڕۆڵی حكومەتی ئوسترالیا بەرزنرخێنرا لە هەوڵەكانیان بۆ بەهێزتركردنی پایەكانی دیموكراسی لە عێراق و هەرێمی كوردستان.
لەلایەن خۆیەوە باڵیۆزى ئوسترالیا لە عێراق وێڕاى سوپاسگوزارى، هیواى خواست لە نزیکترین کاتدا حکومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنرێت و خۆشحاڵى خۆشى نیشاندا بە دیدارى لەگەڵ مەڵبەندى دیراساتى گشتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP