ئەمڕۆ 30ی4ی2025 لەمەراسیمێکدا سمکۆ سالار وەک قائیمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە دەستبەکاربوو، فەرمانی دەستبەکاربوونەکەشی لەلایەن نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجەوە پێدرا.
لەمەراسیمی دەستبەکاربوونەکەیدا سمکۆ سالار قائیمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە لەوتەیەکدا رایگەیاند:" سوپاسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان دەکەم، کە ئەو متمانەیان پێدام وەک قائیمقامی ناوچەکە دەستبەکاربم".
راشیگەیاند:"سوپاس بۆ فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە یەکدەنگانە هەڵەبجەیان کردە پارێزگا، ئەمڕۆ لەقۆناغێکداین ئەرکەکانمان قورسترن و لە ئایندەدا زۆر شت چاوەڕێمان دەکات، هەربۆیە بەڵێن دەدەم هاوکار و یاریدەدەری پارێزگاری هەڵەبجە بم و پێکەوە بتوانین خزمەتی زیاتر بکەین".
ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی 14ی نیسانی2025 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لەدانیشتنێکدا دەنگی لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دا و رۆژی 29 ی نیسانی 2025، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق لەمیانی رێوڕەسمێكی تایبەتدا بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسان و نوێنەرانی كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لەکۆشکی بەغدا مەرسومی كۆماری بۆ دامەزراندنی پارێزگاكە دەركرد.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP