پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لە ساڵیادی شەهیدانی شاری قەڵادزێدا

کوردستان
12:13 - 2025-04-24


 
لە ساڵیادی هەردوو کارەساتی بۆردومانکردن و گوللەبارانکردنی خوێندکاران و جەماوەری ڕاپەڕیوی شاری قەڵادزێدا، سەری ڕێز و وەفا بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ‏قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەی دەستی ڕژێمی بەعس دادەنەوێنم.

بە شکۆوە یادی ئەم دوو کارەساتە جەرگبڕەی شاری قەڵادزێ دەکەینەوە، کە یەکێکیان لە ١٩٧٤/٤/٢٤ بە چەکی قەدەغەکراو، ‏لەلایەن ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە کرایە ئامانج و شەهید و برینداربوونی سەدان ‏کەسی بێتاوانی شارەکە و چەندین قوتابی زانکۆی سلێمانی لێکەوتەوە، کە ئەو کاتە لە شارەکەدا بوون، هەروەها لە بەرواری ١٩٨٢/٤/٢٤ جارێکی تر لە ئەنجامی یادکردنەوەی بۆردومانەکەی ساڵی ١٩٧٤ و ڕاپەڕینی ‏خوێندکاران و جەمارەری شارەکە دژ بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی بەعس دووبارە هێرشیان کراوەتە سەر و دەیان شەهید و برینداری تری لێکەوتۆتەوە.

ڕژێمی بەعسی لەناوچوو، هەمیشە بە سیاسەتە شۆڤێنییەکانیی و بە پلانی سەربازیی داڕێژراو ڕووبەڕووی میللەتی کورد بۆتەوە، سیاسەتی کوشتن، ئەنفال، کیمیابارانکردن، ڕاگواستنی زۆرەملێ بۆ نێو ئۆردوگاکان، کاولکردنی گوندەکان و سووتاندنی مزگەوتەکانی دوور لە بەها ئەخلاقییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ بەڕێوەدەبرد، بە ئامانجی سڕینەوەی شوناس و شێواندنی کلتور و خاکی پیرۆزی کوردستان، ئەنجامیش بە لەناوچوونی ڕژێمێکی دیکتاتۆر کۆتاییهات و کوردیش گەیشتە ترۆپکی دەسەڵات لە بەڕێوەبردنی گەل و نیشتیمانەکەی.
‎‏
لەم یادەدا جەخت دەکەینەوە، کە شاری قەڵادزێ پێویستە خزمەتی زیاتر بکرێ لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری، چونکە خاک و خەڵکەکەی هەمیشە قوربانی دەستی تاوانەکانی ڕژێمی بەعس بوونە، بۆیە شیاوی ئەوەن ناوچەکەیان لە ڕووی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە سیمایەکی جوانتر و گەشاوەتر بەخۆیەوە ببینێ.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی قەڵادزێ و گشت شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان.



بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP