قوباد تاڵه‌بانی: دەبێت بە هەموو هێز و توانای خۆمان دژایەتی چەکی کۆکوژ بکەین

کوردستان
11:07 - 2025-04-19


ئەمڕۆ 19-4-2025 لە شاری سلێمانی یەکەمین کۆنفڕانسی ناوچەیی بۆ سنوردارکردن و بڵاوبونەوە و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ بەڕێوەچوو، تێیدا ئاڵنگەریی و دەرفەتەکانی رێگریکردن لە بڵاوبونەوەو بەکارهێنانی چەکە کۆکوژەکان شیکرایەوە.

لەکۆنفرانسەکەدا وتاری قوباد تاڵەبانی لەلایەن دکتۆر ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا-وە خوێندرایەوە و رایگەیاند:" بەستنی ئەم کۆنفرانسە لەکوردستان بۆ ئێمەی کورد لەسەدەی بیستەمدا کە گەورەترین قوربانیانی چەکی کۆکوژیی و کوشتاری بەکۆمەڵ و جینۆساید بووین، مانایەکی قوڵ و گرنگی هەیە، هیچ گەلێکی جیهان هێندەی گەلی کورد دژی چەکی کۆکوژ نەبووە و نییە، هیچ گەلێکیش وەکو کورد ناتوانێت هاوسۆزبێت لەگەڵ قوربانیانی چەکی کۆکوژ لەگەلەکانی تر" .   

راشیگەیاند:"هەمووان بەکارەساتی هەڵەبجە ئاشناین، کە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی چوار دەیە هێشتا خەڵکی ئێمە بەشێوازی جۆراو جۆر بەدەست ئازارەکەیەوە دەناڵێنن، هەر بۆیە لەپاڵ ئەوەدا، کە  دەبێت بە هەموو هێز و توانای خۆمان دژایەتی چەکی کۆکوژ بکەین، پێویستە پێکەوەش کاربکەین بۆ نەهێشتنی ئاسەوارە سایکۆلۆژی و دەروونی و ژینگەییە بەردەوامەکانی چەکی کیمیاوی لەسەر خاکەمان و خەڵکی هەڵەبجە". 

لەوتارەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد:" ئێمە لە کوردستان وەک قوربانیانی گەورەی چەکی کۆکوژ، هەموو توانای خۆمان دەخەینە پاڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ نەهیشتنی چەکی کۆکوژ و خوازیاری جۆرێک لە گەرەنتین بۆ دووبارە بەکارنەهێنانەوەی چەکی کۆکوژ چ لەدژی خەڵکی کوردستان چ لەدژی هەر گەلێک لە گەلەکانی جیهان".

دیدارەکە  لەلایەن رێکخراوی پوگواش -عیراق رێکخراوە و  لە رۆژانی 19  و 20ی 4 لە هۆتێل رۆتانای شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر سنوردارکردن و بڵاوبونەوە و بەکارهێنانی چەکی کۆکوژ لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا.

 لەم کۆنفرانسەدا ژمارەیەک پسپۆڕ، توێژەر و لێپرسراوانی نێودەوڵەتی و ناوچەیی ئامادە دەبن بۆ شیکردنەوەی ئاڵنگەریەکان و دەرفەتەکانی رێگریکردن لە بڵاوبونەوەو بەکارهێنانی چەکە کۆکوژەکان، ئەمە جگە لەوەی پێشخستنی هەنگاوە کردارییەکان بۆ داماڵینی چەکی کۆکوژ و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، دانیشتنێکی تایبەتی بۆ تەرخان دەکرێت.

 هەڵبژاردنی سلێمانی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە گرنگییەکی رەمزیی هەیە کە زۆرترین قوربانیی چەکی کوکوژ لەم ناوچەیە هەبووە بە تایبەتی هەڵەبجە کە کوشندەترین چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێنرا، هەر بۆیە  دانیشتنێکی کۆنفرانسەکە تایبەتە بە  کۆمەڵکوژییەکەی شاری هەڵەبجە و بە مەیدانیش گەشتێک بۆ هەڵەبجە رێکدەخرێت.

رێکخراوی پوگواش – عیراق رێکخراوێکی ناحکومیی عیراقیە و پاش هەڵبژاردنی دکتۆر حسێن شەهرستانی وەک سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی دامەزراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP