بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە لەیلا زانا، سیاسەتمەداری کورد کرد.
سەرۆک بافڵ بە گەرمی بەخێرهاتنی خاتوو لەیلا زانای کرد و وتی، وەکو چۆن لای سەرۆک مام جەلال ژنێکی قارەمانی کورد بوویت و هەمووکات باسی بوێری تۆی لەسەر زار بوو، لای ئێمەش تێکۆشان و ئازایەتی تۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە وتی، خۆشحاڵین ئەنجامی هەوڵەکانمان گەیشتوونەتە ئەم قۆناغە و جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە تەنیا بژاردە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە چارەسەرکردنی پرسی کوردە بە گفتوگۆ.
لای خۆیەوە، خاتوو لەیلا زانا سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە پای ئەو هەوڵ و کۆششانەی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەیدات و وتی، هەرگیز لە یادی ناکەین کە سەرۆک مام جەلال یەکەم سەرکردە بوو دەستیکرد بە چارەسەرکردنی ئەم پرسە مێژووییە و دڵخۆشم ئێستا بافڵ جەلال تاڵەبانیش لەسەر هەمان رێباز هەوڵەکانی بەردەوامە و شانازیی دەکەین بەو رۆڵە کاریگەرەی دەیگێڕێت لەم کاتە هەستیارەی ناوچەکە پێیدا تێپەڕدەبێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP