قوباد تاڵەبانی: یەکێتی تواناکانی دەخاتەگەڕ بۆ چارەسەری کێشەی مووچە

کوردستان
21:29 - 2025-07-12

قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت: یەکێتی نیگەرانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێمە، هەربۆیە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ تا پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە ئامادەبوونی دکتۆر مەجید حەمەد ئەمین لێپرسراوی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەکێتی لەگەڵ جێگران و لێپرسراوی بەش و لێپرسراوی کۆمیتەکانی سنووری مەڵبەندی 3ی یەکێتی کۆبووەوە.
لە تەوەرێکدا قوباد تاڵەبانی باسی لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ژیان و گوزەرانی موچەخۆران کرد و رایگەیاند: یەکێتی پێیوایە بەدیلی رێککەوتن، هەر رێککەوتنە و هەموو هەوڵێکیش دەدات لەڕێی رێککەوتنەوە کێشە موچە و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکات.
وتیشی: یەکێتی نیگەرانی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێمە، بۆیە هەموو تواناکانی خۆی خستووەتەگەڕ تا پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان".
لە بەشێکی دیکەدا باسی لە ئامادەکارییەکانی یەکێتی کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و وتی: یەکێتی ئامادەکارییەکی تەواوی کردوە بۆ هەڵبژاردن و چاوی لەسەر تۆمارکردنی سەرکەوتنێکی گەورەیە لەم هەڵبژاردنەدا.
سەرکەوتنی یەکێتیش لەم هەڵبژاردنەدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بۆ پاراستن و بەهێزترکردنی سەنگی کورد لە عیراق و ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێم.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP